مەترسیی بە بیابان بوونی باشووری ئوستانی ئیلام

13:23 - 16 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی كوردپا: كێشە و هەڕەشەی بە بیابان بوون لەبەشێكی گەورەی ئوستانی ئیلام وای كردووە، كە دانیشتوانی ئەو ناوچەیە ترسی چۆڵكردنی شوێنەكەیان لا زیاتر بێت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، ناوچەكانی رۆژئاوا و باشووری ئوستانی ئیلام، كە رووبەرێكی نزیک بە ٥٥٠هەزار هێكتارییان لەخۆ گرتووە لەگەڵ قەیرانی بە بیابان بوون و تۆفانی خۆڵ بەرەوڕوون.

روودانی ئەو تۆفانانە لەشارستانی دێهلۆڕان وای كردووه، كە نزیك بە ١٤٠ هێكتار زەویی ببێتە بیابانی وشکارۆ.

روودانی تۆفانی خۆڵ هاوكاتە لەگەڵ چاندنی نەمام و درەخت لە ناوچانە و بەرپرسی ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەكانی شارستانی دێهلۆڕان باسی لە قەیرانی تۆفان كردووە.

بەوتەی توورەج كەرەمی، ئەو ناوچانەی كە خەڵكی تێدا نیشتەجێن لەگەڵ سەرهەڵدان و پەرەسەندنی ئەو تۆفانە لەگەڵ مەترسیی بەرەوڕوو دەبنەوە و هاوكاتیش دەتوانێ‌ خەساری بەرچاوی بۆ سەر بەرهەمە وەرزێڕییەكان هەبێت.

زۆربەی راگەیەنەكانی دەوڵەتی باسیان لە رێككەوتن و هاوپێوەندیی دوو پارێزگای \"واسێت\" و ئیلام لەعێراق و ئێران كردووە و پێشنیاری ئەوەیان خستۆتەڕوو، کە دەبێ‌ لەو دوو ئوستانە نەمامی \"شورپسند\" بچێندرێت.

ئەو ناوچانەی كە لەگەڵ مەترسیی بەبیابان بوون بەرەوڕوو بۆتەوە رووبەرەكەی ٥٠٠ هەزار هێكتارە و بەشێكی بەرچاویشی لە ئوستانی سیستان و بەلووچێستان دایە.

بوونی وردیلەكانی تۆز و خۆڵ، با و كەش و هەوای ناڵەبار و ویشكەساڵی لە سەرەكیترین هۆكارەكان بە بیابان بوون دێنە ئەژمار و بەوتەی شارەزایان تێچووی ئاودانی یەك هێكتار لەو بیابان و دەشتایانە زیاتر لە یەك میلیۆن تمەنە.

لە ئوستانی ئیلام كە بە بووكی زاگرۆس ناسراوە، نزیك بە ٦٤٠ هەزار هێكتار بە هۆی گۆڕانی \"اكولوژیك\" (وشكەساڵی) لەناو چوون.

بەپێی راپۆرتە بڵاوبووەكان، ساڵانە ١% لە رووبەری ئێران( ١،٦ میلیۆن هێكتار) دەبنە بیابان و دەشتایی.