مێژوونووسێکی کورد، بەرنامەکانی زاگرۆسی کرماشانی بێ‌ناوەرۆک وەسف کرد

15:55 - 16 رەشەمه 2714
ئاژانسی کوردپا: لێکۆڵەر و مێژوونووسێکی کورد لە نامەیەکدا ناڕەزایەتیی بە بارودۆخی فەرهەنگی لە کرماشان دەربڕیوەو بەرنامەکانی کەناڵی ئوستانیی زاگرۆسی بە جێگەی ناهومێدی، کۆپی رەش و سپی و لاسایی کردنەوەو بێ ناوەرۆک وەسف کردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەردەشیر کشاوەرز، لێکۆڵەر و مێژوونووسی کوردی خەڵکی کرماشان، لە نامەیەکی ناڕەزایەتیدا، رەخنەی لە داخراوبوونی دۆخی فەرهەنگیی لەو ئوستانەدا دەربڕیوە.

لەو نامەیەدا هاتووە: کاراکتێرانی فەرهەنگیی ئێمە لەم ئوستانەدا نە بەدوای کرانەوەی دۆخی فەرهەنگی و نە بەدوای تواندنەوەی سەهۆڵەکاندان. بەڵام رەنگە لە گوتاردا کە ئەویش هیچی لەسەر نییە و بەگشتی ئەو کاراکتێرانە دەبێ بیر لە رەخساندنی هەلێک بکەنەوە.

لە بەشیکی دیکەی ئەو نامەیەدا هاتووە کەوابوو بەم روانگەیەوە هیچکات چەمکی فەرهەنگ نایاتە ئاراوەوو لەلایەکی دیکەشەوە ئەوەیکە ئەوەشی کە بەربەست و کەلێنەکانی بیاڤی فەرهەنگیی زیاتر کردووە، کەمتەرخەمیی بەرپرسانی پەیونەدیدارە کە فەرهەنگ تەوەری لە بەستێنی کار و ئەرکەکانیاندا نییە.

\"25173.jpg\"
ئەردەشیر کشاوەرز، لێکۆڵەر و مێژوونووسی کوردی خەڵکی کرماشان
ئەردەشیر کشاوەرز لەو نامەیەدا باسی لەوە کردووە: باس کردن لە رەوشی فەرهەنگی لەم ئوستانە، ورەی مرۆڤی تێگەیشتوو بەرەوڕووی شکان بوونەتەوەو لە هەموو ئەمانەش گرینگتر بێ پلانییەکانی سیمای زاگرۆسە کە ئەو ناوە دێرینە و هەم ناوی کەناڵی فەرهەنگ و شارستانییەتی بۆ خۆی دیاری کردووە. ئەو بەرنامانە کە لەژێر ناوی تەوسدا کۆپی هەڵگیراوی رەش و سپین، فەرهەنگ و هزر و ئەندێشەی مەزنی خەڵکی فەرهەنگیی ئێمەی کردۆتە گاڵتە.

ناوبارو دەشڵێت: بە هەر شێوەیەک بێت بیاڤی فەرهەنگ لەم ئوستانەدا بە سەرنجدان بە کەمتەرخەمیی بەرپرسانی پێوەندیدار بەرەو ئاقاری تاریک و ناڕوون رۆیشتووەو لەم نێوانەشدا نە وەزیری فەرهەنگ و نە وەکیل یان ئەو نوێنەرانەی کە تەنیا لە کاتی دەنگ کۆکردنەوەدا یان سەرەخۆشیی مردووەکاندا دەبنیدرین، باس لە مەسلەی فەرهەنگی ناکەن.

ئەردەشیر کشاوەرز: پێشتر وێڕای رەخنەگرتن لە دەنگ و رەنگی ئوستانی کرماشان کە کۆمەڵێک بەرنامەی تەوساوی بلاو دەکاتەوە، رایگەیاندبوو: \"چ پێوستییەک هەیە کە بۆ ناساندنی دەوڵەمەندترین و دێرین‌ترین زمانەکان، کە زمانی کوردییە، کەڵک لە زمانی تەوس (طنز) وەربگرین\".

کشاوەرز هەروەها بەرنامەداڕێژەرانی ئەو کەناڵەی بە کەسانێ نالێوەشاوە لە قەڵەم دابوو کە رۆڵی نگەتیڤ و نالۆژیکی دەخاتە پاڵ زمانی کوردی و زاراوەکانی ئەو زمانە.

وڵامدەرنەبوونی بەرپرسان بە کێشەکان، پەراوێزخستنی کەسایەتییە ناسراوو ناودارەکانی کورد و کۆپی هەڵگرتن لە ستراتژیی کەناڵە سەرەتاسەرییەکانی تاران و بەکارهێنانی زمانی فارسی لە بەرنامەی منداڵان کێشە و گرفتەکانی کەناڵی زاگرۆسی ئوستانی کرماشان ئەژمار دەکرێن.