مێرمنداڵێكی تەمەن 14 ساڵ بەدەستی هێزە نیزامییەكانی ئێران كوژرا

14:03 - 22 پووشپەڕ 2712
ئاژانسی كوردپا: هێزە نیزامییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ناوچەی چالدوران 2 مێرمنداڵی كوردیان دایە بەر دەستڕێی گوللە كە بەو هۆیەوە یەكیان كوژرا و ئەوەی دیكەش بریندار بوو.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رێكەوتی 19ی پووشپەڕ دوو مێرمنداڵی كورد بەناوەكانی \"جەعفەر و ئەمین عەلەم هوولی\" لە ناوچەی \"ئاواجخ\"ی سەر بە شاری چالدوران دوای كەوتنە كەمین، لەلایەن هێزە نیزامییەكانی ئێرانەوە دراونەتە بەر دەستڕێژی گوولە.

هەواڵنێری كوردپا روونی كردۆتەوە لە ئەنجامی ئەو دەستڕێژەدا جەعفە عەلەم هوولی مێرمنداڵی تەمەن 14 ساڵ كوژراوە و \"ئەمین عەلەم هوولی\"ش بە توندی بریندار بووە.

سەرچاوەیەكی نزیك لە بنەماڵەی ئەمین عەلەم هوولی وتوویانە، كە ناوبراو پاش پێكران گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەكی شاری تەورێز، بەڵام بەهۆی قووڵیی برینەكەی ئەگەری مەرگی ئەویش دوور لە چاوەڕوانی نیە.

ئەم دوو مێرمنداڵە لە رێزی گرووپێك لە كۆڵبەرانی كورددا لە كاتی پەڕێنەوە لە ناوچەی سنووریی چالدوران \"كوێستانی قەندیل ـ مرگامیان\" كەوتوونەتە بەر دەستڕێژی گوللەی هێزە نیزامییەكان.