مێرمنداڵێکی کورد لە زیندانی سنە بە ئێعدام مەحکووم کرا

13:26 - 16 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: مێرمنداڵێکی کورد تەمەن ژێر ١٨ ساڵ، لە لایەن لقی یەکی دادگای کەیفەریی ١ی پارێزگای سنە، بە تۆمەتی \"کوشتنی بە ئەنقەست\" بە ئێعدام مەحکووم کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"شایان سەعیدپوور\"، لە لایەن لقی یەکی دادگای کەیفەریی پارێزگای سنە،بە تۆمەتی \"کوشتنی بە ئەنقەست\" حوکمی لە سێدراە دانی بە سەردا سەپا.

ئەو حوکمە لە ١ی خەزەڵوەری ئەمساڵ، لە لایەن دادوەر \"وەفاییان\" سەرۆکی لقی یەکی دادگای کەیفەریی پارێزگای سنە، دراوە.

ئەو مێرمنداڵە کوردە، لە مانگی گەلاوێژی ساڵی ٩٤، بە تۆمەتی کوشتنی هاووڵاتییەکی دیکەی کورد خەڵکی شاری سەقز، دەسبەسەر کرا و لە کاتی ئەو ڕووداوە، تەمەنی ژێر ١٨ ساڵ بووە.

ئەو زیندانییە کوردە خەڵکی شاری سەقزە که بە تۆمەتی کوشتنی کەسێک بە ناوی \"سلێمان ئازادی\" لە ڕێکەوتی ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ٩٤، بە ئێعدام مەحکووم کراوە.

شایان سەعیدپوور، ٣ ڕۆژ پاش ئەو ڕووداوە، لە ڕێکەوتی ٢٨ی گەلاوێژی ٩٤ لە شاری بۆکان خۆی ڕادەستی پۆلیس کردووە و لەو کاتەوە هەتا ئێستا لە زیندانی سنە دایە.

\"هێرانا\" لە زاری پارێزەری شایان سەعیدپوور بڵاوی کردووەتەوە کە سەرەڕای ئەوەی کە ناوبراو لە کاتی ئەو ڕووداوەدا،تەمەنی لەژێر ١٨ ساڵ بووە.

مەشرووبی خواردووەتەوە و دوو کەسی دیکە لە دادگا شایەتی ئەوەیان داوە.
تۆمەتی وەپاڵدراوەی ئەو زیندانییە کوردە \"خواردنەوەی مەشرووب\" و \"کوشتنی بە ئەنقەست\" بووە.