مێرمنداڵێکی کوردی قوربانی مین، بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانە شاری تاران کرا

15:47 - 29 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: مێرمنداڵێکی کورد، خەڵکی شاری سەوڵاوا، کە بە هۆی تەقینەوەی مین بە توندی بریندار ببوو، بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی تاران کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"شایان فەرەجی\"، مێرمنداڵی کوردی قوربانی مین، بە هۆی سەختی برینەکەی ڕەوانە یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری تاران کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار سەبارەت بە بارودۆخی تەندروستی ئەو مێرمنداڵە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: \" ئەو مێرمنداڵە کۆئەندامی هەناسەدانی تووشی کێشە بووە و هەروەها یەکێک لە چاوەکانیشی دەرهاتووە\".

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت: \"شایان فەرەجی ئەو چاوەکەی دیکەشی نیسبەت بە ڕووناکی هەستیار بووە.

ڕۆژی هەینی ٢١ی بانەمەڕیش، لە یەکێک لە گوندەکانی شاری سەوڵاوا، مێرمنداڵێکی تەمەن ١٢ ساڵ بە هۆی تەقینەوەی یەکێک لە مینە بەجێماوەکان، هەر دوو دەستی پڕیوە.