مێرمنداڵێکی برینداری کرماشانی بە مەبەستی چارەسەریی زیاتر بۆ تاران ڕاگوێزرا

20:23 - 5 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: مێرمنداڵێکی برینداری کرماشانی کە بە هۆی تەقینەوەی مین بریندار بوو، بۆ چارەسەریی زیاتر ڕەوانەی تاران کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕێکەوتی ٤ی بەفرانبار \"دانیال خەدیو\" تەمەن ١٥ ساڵ کە بە هۆی تەقینەوەی مین چاوی بریندار بووە، بۆ چارەسەریی پزیشکی بۆ تاران گوازرایەوە.

دوانیوەڕۆی ڕۆژی دووشەمە ڕێکەوتی ٢ی بەفرانبار، دانیال خدیو خەڵكی شاری سەرپێڵی‌زەهاو کە لە ڕووداوی بوومەلەرزەدا ڕزگار ببوو، لە ناوچەی چنانە (فکە) سەر بە شاری \"شووش\" مینی پێیدا تەقییەوە.

ئەم مێرمنداڵە کرماشانییە لە کاتی شوانییدا بووە، بە هۆی ئەوەی یەکێک لە مەڕەکانی لاقی بە سەر میندا ناوە و پارچەکانی بەر ئەم مێرمنداڵە کوردە کەوتووە و بووەتە هۆی ئەوەی لە بەشی دەم و چاوی بریندار ببێت.