مین و کەمئەندام بوون وێردی سەر زمانی هاووڵاتییانی ئیلامە

20:49 - 8 خەزەڵوەر 2716
ئاژانسی کوردپا: دەیان کەس لە هاووڵاتیانی کورد لە پارێزگای ئیلام بە هۆی تەقینەوەی مین و کەرەستە بەجێماوە جەنگییەکان، ئەندامێک یان چەند ئەندامی جەستەیان لە دەست داوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ٢٥ ساڵی ڕابردوودا، ٣٢٠کەس لە پارێزگای ئیلام بە هۆی تەقینەوەی مینە بەجێماوەکان لە شەڕی ئێران و عێراق کەمئەندام بوون.

زۆربەی ئەو کەسانە کە بە هۆی تەقینەوەی مینەوە تووشی کەمئەندامی بوون، خەڵکی گوندەکان، قوتابیان و کۆڵبەران لە کوردستان بوون.

کەمئەندام بوونی ئەو ژمارەیە لە هاووڵاتیانی کورد بە درێژایی ٤٣٠ کیلۆمێتر سنووری هاوبەش لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراقدا، ڕوویداوە.

بەرێوەبەری بێهزیستیی پارێزگای ئیلام بە بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، ڕایگەیاند: ساڵی ڕابردوو، ٥٧ هەزار کەسیان لە پارێزگای ئیلام بۆ پێشگرتن لە ڕووداوی تەقینەوەی مین بارهێناوە.

هەروەها ناوبراو بە ئاماژە کردن بە بریندار بوونی ١٢ کەس لە ماوەی شەش مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا گوتی؛ \"پێنج هەزار هێکتار\" لە زەوییە پاککراوەکان لە مین، سەر لەنوێ \"پشکنینیان\"پێدا دەکرێتەوە.

سەرەڕای ڕاگەیاندنی پاککردنەوەی مین لە زۆربەی ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، ماوە ماوە شایەتی تەقینەوەی مین و کەرەستە جەنگییەکان دەبین، کە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا گیان لەدەستدانی هاووڵاتیانی مەدەنیی لێ دەکەوێتەوە.

چالاکانی مافی مرۆڤ بە بەردەوامی دووپاتی دەکەنەوە کە؛ بەرپرسایەتی تەواوی ڕووداوە مرۆییەکان بە پێی ستاندارە نێونەتەوەییەکان و تەواوی پەسند کراوە نێوخۆییەکانی ناوەندی میللی مین لە وڵات، لە ئەستۆی وەزارەتی بەرگری و ناوەندی کۆکردنەوەی مین لە ئێراندایە.