میداڵی زێڕی پارائۆلەمپیک لە ملی ورزشوانێکی کورد کرا

21:27 - 25 خەرمانان 2716
ئاژانسی کوردپا: وەرزشوانێکی کورد بە مسۆگەر کردنی میداڵی زێڕ بۆخۆی، وەکوو بەهێزترین وەرزشوانی پارائۆلەمپیک ناسێندرا.

سیامەند ڕەحمان، وەرزشوانی قورسایی هەڵگر، لە جووڵەی چوارەم، بە هەڵگرتنی کێشی ٣١٠ کیلۆ، میداڵی زێڕی دەستەی ١٠٧ی بەدەست هێنا.

ناوبراو لە حەوتەمین ڕۆژی یارییەکانی پارائۆلەمپیکی ٢٠١٦ی شاری ڕیو، بە بەبەرزکردنەوەی قورسایی ٢٧٠ کیلۆ، لە یەکەم جووڵەدا، ڕێکۆردی پارائۆلەمپیکی بە ناوی خۆی تۆمار کرد و میداڵی زێڕی بردەوە.

سیامەند ڕەحمان لە ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی، لە شاری شنۆ سەر بە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لەدایک بووە.

لە دەستەی هەڵگرتنی باڵاترین قورسایی، ٧ وەرزشوانی دیکە بەشدار بوون، کە وەرزشوانانی میسر و ئۆردۆن پلەکانی دووهەم و سێهەمیان بەدەست هێنا.

کاروانی وەرزشیی ئێران لە پازدەهەمین یارییەکانی پارائۆلەمپیکی ٢٠١٦، (٦ زێڕ، ٦ زیو و ٤ بڕۆنز)یان بەدەست هێناوە.

کاروانی ١١١کەسیی ئێران لە پازدەهەمین دەورەی یارییەکانی پارائۆلەمپیکی ٢٠١٦، کە شاری ڕیۆی وڵاتی برێزیل بەڕێوەچوو، بەشدار بوون.

وڵاتی ئێران لە حاڵی حازردا لە پلەی چوارەمی ئەو یارییانەدایە.

سیامەند ڕەحمان پێشتر، لە یارییەکانی پارائۆلەمپیکی شاری لەندن -٢٠١٢- بەهەڵگرتنی قورسایی ٢٨٠ کیلۆ، توانیبووی ڕێکۆردی قورسایی پارائۆلەمپیک بەرزکاتەوە.