میاندواو/ خنکانی لاوێکی تەمەن ١٦ ساڵەی کورد و دۆزرانەوەی تەرمێکی نەناسراو

15:31 - 31 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: لە دوو رووداوی جیاوازدا لە دەوروبەری میاندواو، تەرمی مێرمنداڵێکی تەمەن ١٦ ساڵەی کورد و تەرمی هاووڵاتییەکی نەناسراو لە ئاودا دۆزرانەوە.

سەرلە ئێوارەی رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٣٠ی پووشپەڕ مێرمندالێکی تەمەن ١٦ ساڵەی کوردی خەڵکی گوندی \"گردەڕەش\"ی سەربە شاری میاندواو لە کاتی مەلە کردندا لەژێـر پردی نیزام ئاباد لە ئاودا خنکا.

تەرمی ئەو مێرمنداڵە لەلایەن هاووڵاتییانی ناوچەکەوە دۆزرایەوە و رەوانەی ساردخانەی شاری میاندواو کرا.

لەلایەکی دیکەوە هەواڵدەریی \"فارس\" لە هەواڵێکدا بڵاوی کردەوە، تەرمی هاووڵاتییک لە کەناڵە ئاوییەکانی نێوان شارەک سەنعەتیی گوندی \"نەسیر کەندی\" و گوندی \"قشڵاخ‌لوو\"دا دۆزرایەوە.

فەرماندەی ‌هێـزی ئینتزامیی میاندواو رایگەیاندووە، لێکۆلینەوە سەرەتاییەکان دەری خستووە تەرمەکە ئێ پێاوێکە و تەمەنی لە دەوروبەری ٣٠ ساڵ دایە، کە بە \"جلوبەرگ، پێڵاو و چاویلکـە\"وە لە ئاودا خنکاوە.

ناوبراو راشیگەیاندووە، هەتا ئێستا هیچ کەس لەو پەیوەندییەدا وەک کەسوکاری ئەو هاووڵاتییە، سەردانی بنکەکانی پۆلیسی نەکردووە.