مۆگرینی پرسی مافی مرۆڤ لە تاران بخاتە ڕۆژەف

20:58 - 28 خاکەلێوه 2716
ئاژانسی کوردپا: گرینگیدان بە دۆخی مافی مرۆڤ و زیندانییە سیاسییەکان بەتایبەتی بەرپرسی بەندکراوی ڕێکخراوی بەرگری لە مافی مرۆڤی کوردستان لە نامەیەکدا بۆ لێپرسراوی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا وەبیری هێنرایەوە.

بە پیێ هەواڵە بڵاوبووەکان، زیاتر لە ٦٠ نوێنەری پارلەمانی ئورووپا لە فدریکا مۆگرینی دەخوازن کە لە سەفەری ئێرانیدا بە مەبەستی دەرفەتێک بۆ هێنانە بەرباسی پرسی مافی مرۆڤ کەڵک وەربگرێت.

نامەکە لەلایەن خاتوو ماریچە ئێسخاکە، نوێنەری هۆڵەندیی پارلمانی ئورووپا داڕێژراوە و ٦٠ نوێنەری دیکەش ئەو نامەیان واژۆ کردووە.

سەفەری ٢٤ کاتژمێری لێپرسراوی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا و ٧ کەس لە بەرپرسە باڵاکانی یەکیەتیی ئورووپا ئیمڕۆ شەممە، ٢٨ی خاکەلێوە دەستی پێکردووە.

\"ڕێژەی زۆری لەسێدارەکان، دەستبەسەرکردنی ڕەخنەگران، ئازادییە دێمۆکرتیکەکان و پشتیوانی حکوومەتی ئیسلامی لە حیزبۆڵای لوبنان و ڕۆڵی ئێران لە یەمەن\" ئەو خاڵانەن کە لەم نامەیەدا ئاماژەیان بۆ کراوە.

لەلایەکی دیکە، ڕێکخراوی بەرگری لە مافی مرۆڤی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی نامەیەکی سەرئاوەڵا وێڕای پێشوازی لەو سەفەری مۆگرینی، ڕایگەیاندووە کە لێپرسراوی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا دەبێ گرینگی بداتە دۆخی جەستەیی و پەروەندەسازیی دژبە محەممەد سدیق کەبوودوەند.

مەلاقات و دیدار لەگەڵ بەرپرسی بەندکراوی ڕێکخراوی بەرگری لە مافی مرۆڤی کوردستان یان بینینی بنەماڵەی ئەو چالاکەی مافی مرۆڤ، داخوازی سەرەکی ئەو نامەیەشە.

محەممەدسدیق كەبوودوەند چالاكی مافی مرۆڤ، ڕۆژنامەنووس و دامەزرێنەری ڕێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان، ڕۆژی ١٠ی پووشپەڕی ١٣٨٦ دەستبەسەر و لە لایەن دەزگا قەزاییەكانەوە بە تاوانی \"هەوڵدان بۆ تێكدانی ئاسایشی نەتەوەیی\" و \"دامەزراندنی ڕێکخراوی نایاسایی\" بە ١٠ ساڵ زیندان و هەروەها بە تاوانی پڕوپاگەندە بەدژی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران، بە یەك ساڵی دیکە زیندان مەحكووم كرا.

ئەو ١١ ساڵ زیندانییە دواتر لە لایەن دادگای پێداچوونەوەی شاری تارانەوە بۆ ١٠ ساڵ زیندان كەم كرایەوە.