مۆزەخانەی شاری کەنگاوەر تاڵان کرا

15:12 - 18 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: مۆزەخانەی ئاسەوارە مێژووییەکانی شاری کەنگاوەر لە ئوستانی کرماشان، کە دەیان پارچە ئاسەواری مێژووی تێدا بوو، لەلایەن کەس یان کەسانێکی نەناسراوەوە تاڵان کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەهۆی کەمتەرخەمیی بەرپرسانی میرات فەرهەنگیی ئوستانی کرماشان لەمەڕ پاراستنی مۆزەخانەی شاری کەنگاوەر، تێکڕای ئاسەوارە مێژووییەکانی شاری کەنگاوەر \"دزران\".

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی؛ ئەو ئاسەوارە مێژووییانە نزیک بە ٣٠ پارچە ئاسەواری مێژوویی بوون کە بەهۆی نەبوونی چاوەدێری‌یەوە بە تاڵان بردراون.

ژمارەیەک گۆزەڵەی جۆراوجۆر، تابووت و بەردی قەبر کە مێژووکەیان بۆ سەردەمی ئەشکانی دەگەڕایەوە، چەند ئاسەواری مێژووی سەرەتای ئیسلام، بەشێک لەو کەرەسانە بوون، کە لەو مۆزەخانەیە بە تاڵان بردراون.

ئەو مۆزەخانەیە شەوی سێ‌شەممە رێکەوتی ١٢ی خاکەلێوە تاڵان کراوەو هەتا ئێستاش روون نەبۆتەوە، کە ئەو مۆزەخانەیە لەلایەن چ کەس یان کەسانێکەوە تاڵان کراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری کەنگاوەر بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، ئیدارەی ئاگاهی سەرجەم میدیا ناوچەییەکانی ئاگادار کردۆتەوە، سەبارەت بە تاڵان کرانی ئەو مۆزەخانەیە هیچ هەواڵێک رووماڵ نەکەن و تەنانەت ئیزنی وێنەگرتن لەو رووداوەش بە هیچ هەواڵنێر و رۆژنامەنووسێک نادەن.
\"19210.jpg\"

\"19211.jpg\"

\"19212.jpg\"

\"19213.jpg\"