موژگان کاوسی بە ٦٢ مانگ و یەک ڕۆژ زیندان مەحکووم کرا

16:05 - 8 بەفرانبار 2722

موژگان کاوسی، زیندانیی سیاسی و لە چالاکانی مافی زمان و ئێتنیک، خەڵکی شاری کەلاردەشتی مازندەران، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری ساری بە ٦٢ مانگ و یەک ڕۆژ زیندان مەحکووم کرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، موژگان کاوسی بەپێی دادنامەی لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری ساری، بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی" بە ٣٩ مانگ زیندان، بە تۆمەتی "بێڕێزی بە ڕێبەری" بە ١٥ مانگ و یەک ڕۆژ زیندان و بە تۆمەتی "چالاکی پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ٨ مانگ زیندان، مەحکووم کراوە و لە تۆمەتی "افساد فی الارض"، بێتاوان ناسراوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەدا شیاوی پێداچوونەوەیە.

ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی سەرماوەز، یەکەمین کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی موژگان کاوسی لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی ساری، بە ئامادەبوونی عوسمان موزەیەن و مازیار تاتایی، پارێزەرانی دۆسییەکەی بەڕێوەچوو و ناوبراو وێڕای تۆمەتەکانی پێشوو، بە "افساد فی الارض"یش تۆمەتبار کرابوو.

موژگان کاوسی لە دادسەرای نۆشەهردا بە "بێڕێزی بە ڕێبەری حکوومەتی ئێران"، "بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست"، "پڕوپاگەندە دژی نیزام"، "هاندانی خەڵک بۆ شەڕ و کوشتن بە مەبەستی تێکدانی ئەمنییەتی نەتەوەیی وڵات" و "هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی دوژمن" تۆمەتبار کرابوو کە لە قۆناغی دادسەرادا لەگەڵ هەبوونی پارێزەر بۆ دۆسییەکەی دژایەتی کرابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ٣١ی خەرمانان، ئەو چالاکە کوردە لە ماڵەکەی خۆیدا، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی، بۆ زیندانی تونکابۆن ڕاگوێزرابوو.

موژگان کاوسی پێشینەی مەحکوومییەتی هەبووە و ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٠، بە مەرەخەسیی گرێدراو بە ئازادی لە زیندانی کەچووئی کەرەج ئازاد کرابوو.