مووسا ئومیدی: بە \"تجزیە طلب\"ی تۆمەتبار کرام و دۆسیەکەمیان بردە دادگا

20:04 - 9 بەفرانبار 2714
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی سیاسیی کوردی خەڵکی ئیلام، پاش بانگهێشت کران بۆ ئیدارەی حیفازەت ئیتلاعاتی هێزی ئینتزامیی ئیلام بە زەمانەت ئازاد کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، مووسا ئومیدی چالاکی کوردی خەڵکی ئیلام، کە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ خۆی بە ئیدارەی حیفازەت ئیتلاعاتی هێزی ئینتزامیی ئیلام ناساند، سەبارەت بە کار و چالاکییەکانی لێپرسینەوەی لێکرا و دۆسیەکەی رادەستی دادگا کرا.

مووسا ئومیدی، ئەندامی شۆرای بەرێوەبەریی بەرەی یەکگرتووی کورد لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی کوردپا رایگەیاند؛ سەبارەت بە کۆبوونەوەی پارکی کوودەکی ئیلام و پشتیوانی لە خەڵکی کۆبانی و هەروەها لێدوان بۆ میدیاکان و هێنانە بەر باسی پرسی نەتەوەیی لە فەیسبووک، بانگهێشت کرام و لێپرسینەوەم لێکرا\".

ئەو چالاکە سیاسیی دەشڵێت: \"مەئموورانی ئیدارەی حیفازەت ئیتلاعاتی هێزی ئینتزامی، هەموو نووسراوەکانی فەیسبووکیان کۆپی کردبووم و بەو پێیە بە \"تجیە طلب(جیایی خواز)\"ی تۆمەتباریان کردم\".

ناوبراو باسی لەوەش کرد؛ لە وڵامی مەئموورانی ئەو ناوەندەدا رامگەیاند، کە ئێمە وەکوو بەرەی یەکگرتووی کورد لە چوارچێوەی یاساکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا بەدواداچوون بۆ خواست و مافە نەتەوەییەکان دەکەین، بەڵام لەگەڵ ئەوەی داکۆکیشم لە خۆم کرد، پەروەندەکەی منیان بردە لقی ٢ی دادیاریی ئیلام و لەوێش لەسەر زەمانەتی کارمەندێک ئازاد کرام\".

\"23914.jpg\"
مووسا ئومیدی: مەئموورانی حیفازەت ئیتلاعاتی ئیلام گوتیان، \"نابێ باس لە ناسیۆنالیزم بکەی\"
موسا ئومیدی ئەوەشی خستەروو، \"لە ئەندامانی بەرەی یەکگرتووی کورد تەنیا من بانگهێشتی ئیدارەی حیفازەت ئیتلاعاتی هێزی ئینتزامیی ئیلام کرام و پێیان راگەیاندم کە ئێوە لە کاتێکدا مۆڵەت‌تان نییە، بۆچی چالاکی دەکەن\".

بە گوتەی ئەو ئەندامەی شۆرای بەڕێوەبەریی بەرەی یەکگرتووی کورد؛ هەنووکە سەرجەم بەڵگەکانیان بۆ وەرگرتنی مۆڵەت ئامادەیە و لە ئێستاشدا وەزارەتی ناوخۆ، بەرەی یەکگرتوو وەکوو حیزبێکی یاسایی بە رەسمی دەناسێ\".

ئەو چالاکە سیاسییە لە وڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئاخۆ ئێوە لە کاتێکدا لەو ئیدارەیە باسی مافی نەتەوەییتان کرد؛ وڵامی مەئموورانی ئیدارەی حیفازەت ئیتلاعاتی هێزی ئینتزامیی ئیلام چی بوو، رایگەیاند؛ \" مەئموورانی ئەو ناوەندەش دانیان بە کەموکووڕی و بێ ئیمکاناتی لە ناوچەی ئیلامدا نا و بەڵام گوتیشیان: نابێ باس لە مەسەلەی ناسیۆنالیزم بکەن\".

مووسا ئومیدی لە ماوەی پێنج مانگی رابردوودا ئەمڕۆ بۆ سێیەمین جار بانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەکانی ئیلام کراوەو ئەمڕۆ سێ‌شەممە رێکەوتی ٩ی بەفرانبار، پاش ئەوەی ٥ کاتژمێر لێپرسینەوەی لێکرابوو، سەرئەنجام دۆسیەکەی رەوانەی لقی ٢ی دادیاریی ئیلام کرا.

بە گوتەی مووسا ئومیدی، دادگای لە ماوەی داهاتوودا لێکۆڵینەوە لەسەر کار و چالاکییەکانی ناوبراو دەکات و دەبێ چاوەرێی عوکمی دادگا بێت.