موراد مورادی بۆ جێبەجێکردنی حوکمی زیندانییەکەی ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرا

12:39 - 13 رێبەندان 2721

ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕێبەندان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "موراد مورادی" تەمەن ٤٩ ساڵ خەڵکی شاری پیرانشار، بۆ جێبەجێکردنی ماوەی زیندانییەکەی ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە پووشپەڕی ساڵی ٩٩، بە بێ بەڵگەی یاسایی لە سێڕیانی "جەڵدیان" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش ٢٠ ڕۆژ لە گرتنگە بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتیی هەتا کاتی دادگاییەکەی ئازاد کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی" بێبەری کرابوو.

موراد مورادی پاییزی ئەمساڵ، لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری پیرانشار بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" بە سێ ساڵ و ٦ مانگ و ڕۆژێک، زیندانی تەعزیریی مەحکووم و دواتر ئەو حوکمە بۆ دوو ساڵ و دوو مانگ و ١٥ ڕۆژ کەم کرابوو.