موختار زارعی جارێکی دیکە گوازرایەوە بۆ ئیتلاعاتی سنە

20:35 - 8 خاکەلێوه 2715
ئاژانسی کوردپا: موختار زارعی کە دوو حەفتە پێش ئیستا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، لە زیندانی ناوەندیی سنەوە گوازرایەوە بۆ ئیتلاعاتی ئەو شارە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، موختار زارعی چالاکی سیاسیی کوردی خەڵكی شاری سنە، بە مەبەستی لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە رەوانەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کرایەوە.

بە گوتەی سەرچاوەکە، زارعی بەهۆی پشووی نەورۆزییەوە لە ئیتلاعاتی سنەوە گوازرابوویەوە بۆ زیندانی ناوەندیی شاری سنە.

\"25730.jpg\"
موختار زارعی چالاکی سیاسیی کورد، لە زیندانی ناوەندیی سنەوە گوازرایەوە بۆ ئیتلاعاتی ئەو شارە
ئەو سەرچاوەیە روونیشی کردەوە، موختار زارعی کە هەتا رێکەوتی ٤ی خاکەلێوە لە زیندان مابوویەوە، لە ماوەی مانەوەیدا لە زیندانی سنە، چەند جارێک پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکاریدا گرتووە، بەڵام لە ئێستادا کەس ئاگاداری چارەنووسی نییە.

سەرچاوەکە روونیشی کردەوە، ناوبراو (تفهیم اتهام) تۆمەتەکانی پێ راگەیەندراوەو تۆمەتی \"هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی لە رێگەی نووسینەکانییەوە لە تۆڕی کۆمەلایەتیی فەیسبووک\"ی دراوەتە پاڵ.

ئەو چالاکە سیاسییە کوردە، رێکەوتی ٢٤ی رەشەمەی ساڵی ٩٣، لەلایەن هیزە ئیتلاعاتییەکانەوە بە بڕیاری داستانیی شاری سنە دەستبەسەرکرابوو.

زارعی پێشتریش بە تۆمەتی \" هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی\" بانگهێشتی لقی ١ی دادگەی ئینقلابی سنە کرابوو.

ئەو چالاکە کوردە، یەکێک لە ئەندامانی یەکیەتیی دێمۆکراتیکی خوێندکارانی کورد بووەو لە زستانی ساڵی ٨٨ی هەتاویدا و لە کاتی بەڕێوەبردنی رێوڕەسمی دووەمین ساڵیادی کوژرانی ئیبراهیم لوتفوڵڵاهیدا، دەستبەسەر و بۆ ماوەی ٣ مانگ لە ئیدارەی ئیتلاعات راگیرابوو.