٣٩ منداڵی ژێر تەمەن ٥ ساڵ بە هۆی بوومەلەرزەوە گیانیان لە دەست داوە

20:10 - 13 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: لە سێ حەوتووی ڕابردوودا و لە کاتی هاتنی بوومەلەرزە لە پارێزگای کرماشان، ٣٩ منداڵی ژێر تەمەن ٥ ساڵ و ١١ ژنی دوو گیان لەو ڕووداودا، لە شارەکانی ئەو پارێزگایە گیانیان لە دەست داوە.

بەرپرسی ناوەندی بێهداشتیی پارێزگای کرماشان، باسی لە گیان لە دەستدانی ٣٩ منداڵی ژێر تەمەن ٥ ساڵ و ١١ ژنی دووگیانی کرد، کە بە هۆی بوومەلەرزە گیانیان لە دەست داوە.

ئیبراهیم شەکیبا لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی حکوومەتی \"ئیسنا\" ڕایگەیاند: زیاتر لە ١٣٧٠ ژنی دوو گیان لە ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکانی پارێزگای کرماشان لە کاتی هاتنی بوومەلەرزە بوونیان هەبووە و ناسێندراون و لەو ڕێژەیەش ٨٠ حاڵەتی شاری سەرپێڵی زەهاو نادیارن.

بەرپرسی ناوەندی بیهداشتیی پارێزگای کرماشان هەروەها باسی لە گیان لە دەستدانی ١١ ژنی دووگیان کرد کە هەموویان خەڵکی شاری سەرپێڵی زەهاو بوون.

ئەو بەرپرسە بێهداشتییە لە درێژەدا ئەوەشی خستەڕوو، ٣٩ منداڵی ژێر تەمەن ٥ ساڵ لە شارەکانی سەرپێڵ زەهاو، سەلاسی باوەجانی و داڵاهۆ بە هۆی بوومەلەرزەوە گیانیان لە دەست داوە.

لە لایەکی دیکەوە بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان لە ڕاگەیەندنە فەرمییەکانی حکوومەتی، گیان لە دەستداوانی بوومەلەرزەی پارێزگای کرماشان گەیشتووەتە ٥٦٩ کەس و هەروەها کەسێکی دیکەش بێ شوناس و لە نوێترین ئاماری پزیشکی یاسایی ئێراندا هەتا ئێستا ٦١ کەسی دیکەش بەبێ تۆمارکردنی ناوەکانیان لەو ناوەندە حکوومەتییەکاندا، نێژراون.