مردنی گوماناوی کچە خوێندکارێکی کورد لە تاران

13:24 - 3 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: کچە خوێندکارێکی کورد لە زانستگەی تاران بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو با ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٩ی رێبەندان یەکێک لە کچە خوێندکارەکانی زانستگەی تاران بەناوی \"سەیران مەجیدی\" کچی ئەسعەد بە هۆیەکی نادیار گیانی لە دەست دا.

سەیران مەجیدی خەڵکی شاری بۆکان و خوێندکاری تێرمی کۆتایی کارناسیی باڵای ژمێریاری زانستگەی تاران بووە.

تەرمی ئەو کچە خوێندکارە کە لە یەکێک لە ساردخانەکانی تاران راگیرابوو، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ١ی رەشەممە رادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە و لە شاری بۆکان ئەسپەردەی خاک کرا.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەرەڕای لێکۆڵینەوەکانی پزیشکی قانوونی تاران، هۆکاری مردنی ئەو کچە خوێندکارە رانەگەیەندراوە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٦ ژنی کورد لە دەرەوەی ماڵەوە بە هۆکاری ناڕوون گیانیان لە دەست داوە.