مردنی دایکێکی دووگیان ناڕەزایەتی گشتیی لێکەوتەوە

20:57 - 9 رەشەمه 2716
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییانی مەریوانی بە بەڕێوەبردنی گردبوونەوەیەک، چەندپاتبوونەوەی هەڵەی پزیشکییان مەحکووم کرد.

بەپێی هەواڵی گویشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی ڕابردوو بە دەیان هاووڵاتیی تووڕە، لەبەردەم نۆڕینگەی یەکێک لە پێرسونێلی نەخۆشخانەی \"بوعلی\"، دەستیان دایە ناڕەزایەتی دەبڕین.

ئەوان لەم ناڕەزایەتییەدا خوازیاری کۆتایی پێهێنان بە هەڵەی پزیشکی لە کوردستان و دیاریکردنی لێژنەیەک بۆ بەدواداچوونی دۆسیەی مردنی ژنە دووگیانەکەی مەریوان بوون.

لە وێنە بڵاوبووەکاندا، پلاکارتگەلێگ سەبارەت بە دۆخی نالەباری دایکانی دووگیان و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی تەندرووستیی کوردستان لە لایەن ناڕازییانەوە بەرزکرانەوە.

\"\"
سۆهەیلا مەولوودی
ڕۆژی ڕابردوو هەواڵنێری کوردپا لە مەریوان ڕاپۆرتی دا کە؛ ژنێکی دووگیان بەناوی سۆهەیلا مەولوودی دوای کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر لە نەشتەرگەریی سزاریەن، گیانی لەدەست داوە.

بەپێی وتەی سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان؛ \"م.ا پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەریی ژنان و زایمان، لە نەخۆشخانەی بوعلی وێڕای سەرنج نەدانە نەشتەرگەریەکەی و بەدواداچوون نەکردن بۆ دۆخی نەخۆشەکەی، دۆخی جەستەیی سۆهەیلا بە هۆی بەربوونی خوێن و دابەزینی فشارخوێنی، گیانی لەدەست داوە.\"

ئەمڕۆ دووشەممە، وەزیری تەندرووستی و فێرکاریی پزیشکی لە سنە سەبارەت بە مردنی ئەو دایکە مەریوانییە، ڕایگەیاند: لەدوای ئاگاداربوون، گرووپێک لە تارانەوە بۆ بەدواداچوونی هۆکاری مردنەکە نێردراونەتە مەریوان و سەرقاڵی لێکۆڵینەوە لە بابەتەکەن.\"

ئامارێکی ورد لەمەڕ رێژەی مردن بەهۆی هەڵەی پزیشکییەوە لە ئێراندا لە بەردەستدا نییە، بەڵام خاوەن ڕایانی ئەو بوارە کەمبوونی هێزی مرۆیی، ماندوویەتی و کاری لەڕادەبەدەر، ئاشنا نەبوون بە زانستی پزیشکی و هەروەها ڕێژەی زۆری نەخۆشەکان لە گرینگترین هۆکارەکانی هەڵەی پزیشکی لە ئێراندا ئەژمار دەکەن.

لینکی پێوەندیدار:
ژنێکی دووگیان لەپاش نەشتەرگەری گیانی لەدەست دا