محەمەد ئەمین ئاگووشی زیندانیی سیاسیی کورد، مەرەخەسی پێ‌درا

19:36 - 29 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: محەمەد ئەمین ئاگووشی زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی پیرانشار کەلە زیندانی زاهیدان ماوەی حوکمەکەی تێپەڕ دەکات، بە سپاردنی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی مەرەخەسی پێ‌درا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ سەرلە بەیانیی رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٨ی رەشەمە، محەمەد ئەمین ئاگووشی ٢٠ رۆژ مەرەخەسی پێدرا و سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ پێنج‌شەممە ٢٩ی رەشەمە گەیشتەوە پیرانشار.

محەمەد ئەمین ئاگۆشی تەمەن ٥٤ ساڵ و مامۆستای خانەنشین کراوی کورد و خەڵکی پیرانشار، ساڵی ١٣٨٦ هاوڕێ لەگەڵ دوو کەسی دیکە بە ناوەکانی ئیرەج محەممەدی و ئەحمەد پوولادخانی بە تۆمەتی \"ناردنی زانیاری بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان\" دەستبەسەر کرا.

\"18954.jpg\"
محەمەد ئەمین ئاگووشی، پێش ئەوەی مەرەخەسی پێ بدرێت، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە پێ نەدانی مەرەخەسی، مانی لە خواردن گرتبوو
ئەو هاووڵاتییە کوردە دوای ٧ مانگ راگیران لە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری پیرانشار و ورمێ‌، لەلایەن دادگای نیزامیی ( رێکخراوی قەزایی هێزە چەکدارەکان)ی حکوومەتی ئێرانەوە حوکمی تیرباران کردنی بەسەردا سەپا.

دواتر حوکمی ئێعدامی محەمەد ئەمین ئاگۆشی لە لقی ١‌ی دادگای نیزامیی ئێرانەوە بۆ ١٠ ساڵ زیندانی تەعزیری و دوور خرانەوە بۆ زیندانی زاهیدان گۆرانی بەسەردا هات.

دەگوترێت؛ ئەو زیندانییە کوردە پێش ئەوەی مەرەخەسی پێ بدرێت، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە پێ نەدانی مەرەخەسی، مانی لە خواردن گرتبوو.

هەروەها لە رۆژانی رابردووشدا جەماڵ ئاگووشی تەمەن ٢٧ ساڵ کوڕی محەمەد ئەمین ئاگووشی بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین بە بارودۆخی باوکی لە زیندانی زاهیدان و بەدواداچوون لەمەڕ پەروەندەی باوکی، حوکمی ١ ساڵ زیندانیی تەعزیری بۆ بڕایەوە.