محەمەد نەزەری: قاسملوو مرۆڤێکی کورد بوو، بەڵام دیفاعی لە ئازادیی تێکڕای خەڵکی ئێرانیش دەکرد

16:16 - 15 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسیی کورد لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج، لە بیست و پێنجەمین ساڵڤەگەڕی تیرۆرکرانی عەبدوڕەحمان قاسملوو، سکرتیری پێشووی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێراندا، نامەیەکی بڵاو کردەوە.

محەمەد نەزەری، تەمەن ٤٣ ساڵ و خەڵکی سایین قەڵایە و لە رێکەوتی ٩ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٧٣ی هەتاوییەوە لە شاری بۆکان دەستبەسەر کراو دواتر بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان، حوکمی لەسێدارەدانی بۆ برایەوەو سەرئەنجام پاش ٥ ساڵ راگیران لەزیندان حوکمەکەی بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدراو هەنووکە ماوەی زیاتر لە ٢٠ ساڵە بەبێ یەک رۆژ چوونە مەرەخەسی، لە زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا راگیراوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، لە بەشێک لەو ناومەەیدا نووسیویەتی: \"شەهید قاسملوو یەکێک لەو دەگمەن رێبەرانە بوو، کەلە هەموو تەمەنی سیاسیی خۆیدا، ژیانی خۆی بۆ خەبات دژی هەڵاواردن، ستەم و بێدادگەری و گەیشتن بە ئاشتی و ئاسایشی تێکڕای خەڵکی ئێران تەرخان کردبوو\".

دەقی نامەی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە بۆ ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا نێردراوەو لێرەدا وەک خۆی بڵاو دەکرێتەوە:

بەناوی ئەڵڵا و بەناوی خەڵکی قارەمانی کورد
ئوستوورەکان نامرن


\"20935.jpg\"
محەمەد نەزەری، زیندانی سیاسیی کورد
ئێران لانکی جوامێران، لانکی ئارەشی کەمان‌گیر، لانکی کاوەی ئاسنگەر، لە مێژوودا و بە فیدا کردنی گیانی خۆیان، خۆیان بە نەمری هێشتۆتەوەو ناوی ئێرانیان بەرز راگرتووە.

دوکتور عەبدورەحمان قاسملوو، ئووستوورە و رێبەری شۆڕشگێریی کوردە، کە هەر مرۆڤێک لەگەڵ بیستنی ناوەکەی سەری کڕنۆش و سوژدەی بۆ دادەنوێنێت و رێزی بۆ دادەنێت. (دوکتور قاسملوو) سەرەڕای ئەوەیکە مرۆڤێکی کورد بوو، بەڵام لە نووسین و ئاخاوتنیدا دیفاعی لە ئازادیی تێکڕای خەڵکی ئێرانیش دەکرد.

دێمۆکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان، کە وەکوو هەوتاوێکی درەوشاوە وڵاتی ئێرانی رووناک دەکردەوە. نوورێک کە شەمشەمە کوێرە و کەمتیار(کفتار)ەکان توانای دیتنی ئەو رووناکییەیان نەبوو.

لە رۆژی ٢٢ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٨ی هەتاویدا و لە کاتێکدا کە بۆ وەدیهێنانی کردنی ئامانجی کوردەکان لەگەڵ نوێنەرانی دەوڵەتی ئێران لە شاری ڤییەنی پێتەختی وڵاتی ئۆتریش لە حاڵی وتوێژدا بوو، بە گولـلەی رق و کینە پێکراو وەکوو پێشوا مەزنەکەی (قازی محەمەد) گیانی خۆی کردە فیدای ئازادیی نەتەوەی کورد و سەربەرزیی کوردستان.

بێگومان شەهید قاسملوو یەکێک لەو دەگمەن رێبەرانە بوو، کەلە هەموو تەمەنی سیاسیی خۆیدا، ژیانی خۆی بۆ خەبات دژی هەڵاواردن، ستەم و بێدادگەری و گەیشتن بە ئاشتی و ئاسایشی تێکڕای خەڵکی ئێران تەرخان کردبوو.

ئێمە لە رۆژی ٢٢ی پووشپەڕی هەموو ساڵێک دا، یادی ئەو بەرزە مرۆڤە دەکەینەوە.

من لەو رۆژەدا سەرخۆشی لە سەرجەم ئازادیخوازان و بەتایبەت بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی رێگەی ئازادیی کوردستان، دەکەم.

محەمەد نەزەری
زیندانی رەجایی شاری کەرەج
١٤/٤/١٣٩٣ی هەتاوی
٦/٧/٢٠١٤ی زایینی