محەمەد نەزەری بە بۆنەی ٢ی رێبەندانەوە، داوای یەکڕیزیی حیزبەکان و نێو ماڵی کورد دەکات

14:04 - 27 بەفرانبار 2714
ئاژانسی کوردپا: محەمەد نەزەری زیندانیی سیاسیی خەڵکی شاری سایین قەڵا، لە نامەیەکدا کە بە بۆنەی دووی رێبەندان ٦٩یەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان بڵاوی کردۆتەوە، داوای یەکڕیزیی حیزبە کوردییەکان و نێوماڵی کورد دەکات.

محەمەد نەزەری ، کە ماوەی ٢١ ساڵە بەبێ چوونە مەرەخەسی، لە زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندایە، لەو نامەیەدا کە نوسخەیەکی بە ئاژانسی کوردپا گەیشتووە دەڵێت: \"ئێمە کوردستانێکمان هەیە و ئەوەیش ناوی کوردستانی گەورەیەو بۆ گەیشتن بەو مەبەستەش دەبێ بە یەکیەتی و یەکگرتوویی هەموو بەربەستێک لەونێو ببرێت\".

\"24221.jpg\"
محەمەد نەزەری: ئەمڕۆ کاتی ئەوە هاتووەکە تێکڕای حیزبەکانی کوردستان لەبەر بنەماڵەی شەهیدان، لەبەر ئەو خەڵکەی کە دەیان ساڵە لە ژێر سێبەری زوڵم و سەتەمدا دەژین، لووت بەرزی و خۆبەزلزانی بنێنە لاوەو ناوی کوردو کوردستان بدرەوشێننەوە
لە بەشیکی دیکەی نامەکەیدا نووسیویەتی: \"ئەرکی رێبەریی حیزبەکانی کوردستانە دەست لە وشەی (من، من) هەڵبگرن و خۆبەزلزانی بخەنە ئەولاوەو بۆ دامەزراندنی کوردستانێکی مەزن و یەکگرتوو دەست بخەینە نێو دەستی یەکتر\".

کۆماری کوردستان لەسەر دەستی پێشوا قازی محەمەد کەسی یەکەمی حیزبی دیمۆکرات، لە رێکەوتی ٢ی رێبەندانی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی لە مەیدانی چوارچرای شاری مەهاباد دامەزرا و رێکەوتی ٢٦ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٢٥ بەهۆی کۆمەڵێک فاکتەری ناوخۆۆ و دەرەکی کۆتایی بە تەمەنی یەکەم کۆماری کوردی هات و لە رێکەوتی ١٠ مانگی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٢٦ی هەتاویدا پێشەوا قازی و هاووڕێیانی لە مەیدانی چوارچرای مەهاباد لەسێدارە دران.

نامەی محەمەد نەزەری، لەلایەن ئاژاسنی کوردپاوە کراوەتە کوردی، لێرەدا بڵاو دەکریتەوە:

یەکیەتی و هاوپەیوەندی، تاقە رێگەی سەرکەوتنە

ئەمڕۆ پاش تێپەرینی زیاتر لە یەک سەدە خەباتی نەتەوەی کورد بۆ دەستەبەر بوونی مافە رەواکانی خۆی، ئەگەر رێبەری هەر حیزبێک دژی سەربەخۆیی کوردستان قسە بکات و باس لە کوردستانی چوارپارچە بکات، خەیانەتێکی گەورەیە بە ئارمانجەکانی کوردستان و خوێنی هەزارانی شەهید، کەلە رێگەی بە ئامانج گەیشتنی کورد و کوردستان گیانی خۆیان بەخت کردووە و هیچ جیاوازییەکیشی لەگەڵ وتەی دوژمنانی سەربەخۆیی کوردستاندا نییە، بەڵێ ئێمە ئەمڕۆکە کوردستانی باکوور و باشوور و رۆژئاوا و رۆژهەڵاتمان نییە، ئێمە کوردستانێکمان هەیە و ئەوەیش ناوی کوردستانی گەورەیە و بۆ گەیشتن بەو مەبەستەش دەبێ بە یەکیەتی و یەکگرتوویی هەموو بەربەستێک لەونێو ببرێت.

ئەگەر ئەمڕۆ کۆبانی زیندوو ماوەتەوە، بەرهەمی یەکیەتیی کوردەکانە، کەوابوو ئەرکی رێبەریی حیزبەکانە دەست لە وشەی (من) هەڵبگرن و بڵێن (ئێمە)، ئێستاش کاتی ئەوە هاتووە، کە خۆبەزلزانی بخەنە ئەو لاوەو بۆ دامەزراندنی کوردستانێکی مەزن و یەکگرتوو دەست بخەینە نێو دەستی یەکتر و بۆ پێکهێنانی هەوڵەکانیان بخەنە گەڕ و لە بیریان نەچێت ئامانجی ئەوان لە خەبات کردن چی بووە؟ لە پێناو چیدا هەزاران شەهیدیان پێشکەش بە ئارمانجە پیرۆزەکانی کوردستان کردووە؟ پێشەوا قازی محەمەد، دوکتور قاسملوو، دوکتور شەرەفکەندی لە پێناو چیدا شەهید بوون؟ عەبدوڵڵا ئۆجەلان (ئاپۆ) لە پێناو چیدا چەندین ساڵە لە زیندانی تاکەکەسیدایە؟ ئەمڕۆ کاتی ئەوە هاتووە کە تێکڕای حیزبەکانی کوردستان لەبەر بنەماڵەی شەهیدان، لەبەر ئەو خەڵکەی کە دەیان ساڵە لە ژێر سێبەری زوڵم و سەتەمدا دەژین، لووت بەرزی و خۆبەزلزانی بنێنە لاوەو ناوی کوردو کوردستان بدرەوشێننەوە.

شێعری خاڵە قازی، لە کانادا
لەبیرمە لە مەکتەب دەیانپرسی دوو دانە دوو ئەکاتە چەند
هەموو تێکڕا دەیانووسی دەکاتە چوار
کەچی من لە حیسابا نمرەی کەمم دەهێنا و دەهاتمە خوار، ئەوەیش تەنیا لەبەر ئەوەی لای من وابوو دوو دانەوە دەبێ بە یەک نابێ بە چوار
لای من وابوو دوو ددان و دوو لێو و زمان نابن بە چوار
دەبن بە زار، بە تێکڕا دەکەن هاوار
لای من وابوو دوو دەست و دوو لاقی مرۆڤ نابن بە چوار، لە لەشێدا دێنە کار
لای من وابوو گەڕەک، خانوو، کۆڵان، شەقام نابن بە چوار دەبن بە شار
تێیدا دەژن دەوڵەمەند و هەژار
لای من وابوو کۆلکە و ریشە، لق و گەڵا نابن بە چوار دەبن بە دار
هێندیک کورت و هێندێک درێژ وەکوو چنار
لای من وابوو ئەوین و دڵ، جوانی و پاکی نابن بە چوار دەبن بە یار لەلای دڵدار
ئەو هەمووەی وا دووبەدوو نەبن بە یەک نابن بە چوار
یەکجار زۆرن بەڵام لە کوێ دینە ژمار
تەنیا ئەوەندەی دەزانم ئەگەر لەشم سەد پارچە کەن بمدەنە بەر گوللـە و رەگبار، بچمە سەردار و قسەی دڵم دێتە سەر زار
کوردستان یەک وڵاتە و نابێ بە چوار

دووی رێبەندان لە هەموو خەڵکی کوردستان پیرۆز بێت

محەمەد نەزەری، زیندانی رەجایی شاری کەرەج


\"24220.jpg\"

\"24219.jpg\"