محەمەد مەحموود ئەبووسابیر: هێرشی داعش گەورەترین گارانتی بۆ جێبەجێ کرانی رێکەوتننامەی دهۆکە

ئاژانسی کوردپا: حەفتەی رابردوو ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پارتی یەکیەتیی دیمۆکراتیک (PYD)، سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوویەوەو رۆژی رابردوو بە بەشداریی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لایەن سیاسییەکانی کوردستانی رۆژئاوا (کوردستانی سووریا) گەیشتنە رێکەوتن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٣٠ رەزبەر، لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی رۆژئاوا لەسەر بەڕێوەبردن و بەشداری کردن لە دەسەلاتی خۆچێێ لە کوردستانی سووریا رێکەوتننامەیەکیان واژۆ کرد.

مەسعوود بارزانی، سەرۆکی هەرێکی کوردستان واژۆکردنی ئەو رێکەوتننامەیەی پڕ بایەخ و مێژوویی وەسف کردووەو رایگەیاندووە؛ ئەم رێکەوتننامەیە وڵامێک بوو بۆ دوژمنانی گەلی کورد کە نەیاندەویست کورد یەکڕیز و یەک‌هەڵویست بێ.

محەمەد مەحموود ئەبوو سابیر، ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی یەکیەتیی دێمۆکراتیکی کورد لە سووریا لە لێدوانێکدا بۆ هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ ئەم رێکەوتننامەیە پاش ٩ رۆژ دانوستان و وتوێژ لە نێوان ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد و تەڤگەری جڤاکی دێمۆکراتیکی کورد لەسەر سێ خاڵی سەرەکی لە شاری دهۆک واژۆ کرا.

محەمەد مەحموود ئەبوو سابیر، کە بۆخۆی بەشداری کۆبوونەوەکان بووە و یەکێک لە واژۆکاری رێکەوتننامەی دهۆکە، گوتیشی؛ (خاڵی یەکەم بەشداریکردنە لە خۆبەڕێوەبەریی دێمۆکراتی کە ئیستا لە رۆژئوا دامەزراوەو دووەمیش پێکهێنانی هێزێکی هاوبەشی پێشمەرگە بۆ پارستنی خاکی کوردستان و سێیەمیش، دامەزرانی ئەنجومەنێکی سیاسیی هاوبەشە)، کە گرینگترین خاڵەکانی رێکەوتننامەی شاری دهۆک بوون.

ئەنجومەنی نیشاتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) و تەڤگەری جڤاکی دێمۆکراتیک (تەڤدەم)، بڕیارە ئەنجومەنێکی سیاسیی هاوبەش کە لە ٣٠ ئەندام پێک دێت، دابمەزرێنن.

\"22886.jpg\"

محەمەد مەحموود ئەبووسابیر: قەندیل و سەرۆکایەتیی هەرێم لەسەر یەکڕیزی و یەکدەنگیی کورد هاوڕان

هەرکام لەو دوولایەنە سیاسییە بە ١٢ ئەندامەوە بەشداری ئەنجومەنەکە دەبن و ئەو ٦ کەسی دیکەش بۆ ئەندامەتی لە ئەنجومەنەکەدا، لەلایەن ئەو ٢٤ ئەندامەی ئەنەسەکە و تەڤدەمەوە هەڵدەبژێردرێن.

ئەو ئەندامەی دەفتەری سیاسیی حیزبی یەکیەتیی دیمۆکراتیکی کورد لە سووریا گوتیشی، ئەو ئەنجومەنە لەلایەن کۆمیتەیەکی پێکهاتوو لە هەر دوولایەنەوە کار بۆ جێبەجێ کرانی دەکرێت و لە حەفتەی داهاتوویەوە دەستبەکار دەبن.

ناوبراو لە وڵامی پرسیارێکدا کە رۆڵی قەندیل لە سەر ئەو رێکەوتننامەیە بە چ شێوەیەک بووە، رایگەیاند؛ بەر لەوەی کە بگەنە ریکەوتن، دوو جار سەردانی سەرۆکایەتی هەرێم و جارێکیش سەردانی قەندیلیان کردووەو هەر دوولایەن لەسەر یەکڕیزی و یەکدەنگیی کورد هاوڕا بوون.

مەحموود محەمەد ئەبوو سابیر ئەو دەنگۆیەی کە کوردستانی رۆژئاوا دەکەوێتە سەر هەرێمی کوردستانی رەت کردەوەو گوتی ئەوە بڕیارێکی نێونەتەوەییەو ئەمەش بەرژەوەندیی وڵاتە زلهێزەکان ئەم پرسە دیاری دەکەن.

ناوبراو سەبارەت بە گارارنتیی جیبەجێکرانی ئەو ریکەوتننامەیە دەڵێت: کە هێرشی داعش و یەکهەڵوێستیی کورد گەورەترین گارانتی بۆ جێبەجێ کرانی رێکەوتننامەی دهۆکە.

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دوابەدوای کۆبوونەوەکەی مەسعوود بارزانی و ساڵح موسلیم رایگەیاندبوو، \"ئەگەر پەیەدە ئیزنی بەشداریکردنی لایەنە سیاسییەکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستان لە پرۆسەی سیاسی و نیشتمانیدا بدات، هەموو یارمەتییەکی مرۆیی و سەربازی رەوانەی کوردستانی رۆژئاوا دەکەن\".

رۆژی رابردوو، پاش واژۆکرانی رێکەوتننامەی دهۆک، پەرلەمانی کوردستان لەسەر داوای مەسعوود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکان بڕیاری ناردنی هێزی پێشمەرگەیان بۆ شاری کۆبانی و بەرنگاربوونەوەی هێرشی چەکدارانی خەلافەتی ئیسلامی پەسند کرد.