محەمەد مواردی کە ١٩ ساڵە لەزیندانە، گیانی لە مەترسیدایە

13:56 - 21 بەفرانبار 2714
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسیی کوردی خەڵکی جوانرۆ، کە ماوەی ١٩ ساڵە لە زیندانی شاری یەزد راگیراوە، تووشی چەندین نەخۆشیی جۆراوجۆر بووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، محەمەد مواردی زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری جوانڕۆ، کەلە ماوەی رابردوودا نەشتەرگەریی \"مۆرەی پشت(ستون فقرات)\"ی بۆ کرابوو، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا نەشتەرگەریی مێشکی بۆ بکرێت.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ محەمەد مورادی \"غدە\"ئاڵک، لوو\"یەک لە مێشکیدایە و بڕیارە لە نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان نەشتەرگەرییەکەی ئەنجام بدرێت.

\"24148.jpg\"
محەمەد مواردی زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری جوانڕۆ
پێشتر، جهانگیر حاتەمی هاوبەندیی ئەو گیراوە سیاسییە کورده بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاندبوو؛ محەمەد مورادی هێچ کەسوکارێکی لە ئێران‌دا نییە و کەسوکاری ناوبراو بە ناچاری لە هەرێمی کوردستانی ئێراق نیشتەجێ بوونە و ناتوانن یارمەتیی ماددی بە دەستی رۆڵەکەیان بگەیەنن.

محەمەد مواردی و کوڕی عەبدوڵڵا، کە ساڵی ١٣٧٥ لە شاری کامیاران هاورێ لەگەڵ عومەر ئیمامی کوڕی حەسەن، والی دروودی و عەلی ساڵحی دەستبەسەر کرا، ماوەی ١٩ ساڵە لە زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئیراندایەو هەتا ئیستا لە مافی مەرەخەسی بێبەری بووە.

لە ماوەی رابردوودا عومەر ئیمامی بە دانانی بارمتەی ٢٥٠ ملوین تمەنی و لەسەر داوای خۆی و رەزامەندیی زیندانی یەزد، بۆ ماوەی ٧ رۆژ مەرەخەسیی پێدرا.

دەگوترێ، ئەو چوار زیندانییە سیاسییە کوردە، دەیان جار داوای مەرەخەسییان کردووە و لە کاتێکدا زیندانی شاری یەزد رەزامەندیی خۆی لەگەڵ مەرەخەسی و ئازادیی ئەو زیندانیانە دەربڕیوە، بەڵام ئیتلاعاتی کرماشان رێگری لە چوونە مەرەخەسی‌یان دەکات.