محەمەد سدیق کەبوودوەند پیرۆزبایی لە HDP کرد

20:36 - 23 جۆزەردان 2715
ئاژانسی کوردپا: موحمەد سدیق کەبوودوەند سەرۆکی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، لە نامەیەکدا پیرۆزبایی لە پارتی دموکراتیکی گەلان بە بۆنەی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی پارلمانی تورکیە کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، محەمەد سدیق کەبوودوەند، چالاکی مافی مرۆڤی کورد لە زیندانی ئەڤینی تارانەوە، نامەیەکی پیرۆزبایی ئاراستەی هاوسەرۆکەکانی پارتی دێموکراتیکی گەلان بە بۆنەی سەرکەوتنیان لە هەڵبژاردنەکانی پارلمانی تورکیە کرد.

دەقی ئەو پەیامە کە بۆ ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا نێردراوە، بەم چەشنەیە:

پیرۆزبایی کەبوودوەند لە رێبەرانی پارتی دێموکراتیکی گەلان

بەڕێز سەلاحەدین دەمیرتاش

رێزدار فیگەن یووکسەکداخ


سەرکەوتنی درەوشاوە و دێموکراتیکی حیزبەکەی ئێوە، حیزبی دێموکراتیکی گەلان لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییانە و تێپەڕینێکی سەرکەوتوانە لە لەمپەڕ و کۆسپەکانی یاسای بنەڕەتیی تورکیه و چوونە ناو پارلمان وەکوو پارتی پارێزەری مافی گەلان و کەمینەکانی تورکیه، بە ئێوە، خەڵکی کوردستانی باکوور و گەلانی تورکیه پێرۆزبایی دەڵێین.

بە هیوای گەییشتن بە کۆمەڵێکی بەرچاو سەرکەوتنی دیکە و گەورەتر لە بەرەی خەبات لە پێناو ئاشتی و دێموکراسی و پارێزەری لە مافی مرۆڤ و مافی گەلی کورد لە کوردستانی باکوور و گەلانی دیکە و کەمینە ستەم‌لێکراوەکانی تورکیه، ئازادبوونی بەڕێز عەبدوڵلا ئوجالان و ئاشتی و ئازادی بۆ خەڵکی کوردستان و سەرکەوتنی یەک لە دوای یەک بۆ ئێوە و پارتی دێموکراتیکی گەلان بە ئاوات دەخوازین.

تاران، زیندانی ئێڤین

١١ی ژۆئەنی ساڵی ٢٠١٥ی زایینی

محەمەد سدیق کەبوودوەند