محەمەد سدیق کەبوودوەند و سمکۆ خلقەتی بریندار و رەوانەی شوێنی نادیار کران

15:56 - 29 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی سوپای پاسداران و مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعات بۆ سەر زیندانییە سیاسییەکانی زیندانی ئێڤین لە تاران، ژمارەیەک زیندانیی سیاسی بە توندی بریندار بوون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ سەرلە بەیانیی رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٢٨ی خاکەلێوە، لە ئەنجامی هێرشی مەئموورانی گاردی تایبەت بۆ سەر زیندانیانی سیاسیی بەندی ٣٥٠ی زیندانی ئێڤین، سمکۆ خلقەتی زیندانی سیاسیی کورد بە زەبری باتۆم بە توندی بریندار کرا.

\"19423.jpg\"
محەمەد سدیق کەبوودوەند و سمکۆ خلقەتی رەوانەی شوێنی نادیار کران
هێزەکانی ئیتلاعات و سوپای پاسداران، کە بە بیانووی گەڕان و پشکنینی ژوورەکانی نێو بەندی ٣٥٠ی ئێڤین ئەو هێرشەیان ئەنجام داوە، زیاتر لە ٣٠ زیندانیی سیاسی‌یان بریندار کردووەو ٣٢ کەس لە زیندانیانی سیاسی‌یان بە چاو بەستراوی بۆ شوێنێکی نادیار راگواستووە.

لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا سمکۆ خلقەتی زیندانیی سیاسیی کورد و محەمەد سدیق کەبوودوەند سەرۆکی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان هاوڕێ لەگەڵ زیاتر لە ٣٠ زیندانیی دیکەی سیاسی دیکە بە ئوتوبووس رەوانەی شوێنێکی نادیار کراون وهەتا ئێستا چارەنووسیان ناروونە.

ماڵپەڕی جەڕەس لە زاری شایەتحاڵێکەوە بڵاوی کردۆتەوە، زۆربەی مەئموورە هێرشبەرەکان بازجووەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی دەوڵەتی حەسەن رۆحانی بوون، کە لەلایەن زیندانییە سیاسییەکانەوە ناسراونەتەوە.

\"19424.jpg\"
ئەو سەرچاوەیە نووسیویەتی؛ مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعات و هێزەکانی سوپای پاسداران بە زەبری باتۆم هێرشیان کردۆتە سەر زیندانیان و دواتر تێکڕای شیشەی نێو زیندانەکەیان شکاندووە و لە ئەنجامی شکاندنی شیشەکاندا شادەماری دەستی زیندانییەکی سیاسی بە ناوی (ئومید بێهرووزی) بڕدراوە و بە توندی تووشی خوێن‌ڕێژی بووە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، مەئمووران بە کەڵک وەرگرتن لە باتۆم تونێلی وەحشەتیان دروست کردووە و بەو هۆیەوە زیندانییەکی سیاسی دیکەش تووشی جەڵتەی دڵ بووە و رەوانەی بێهداریی زیندان کراوە.

ئەم هێرشەی مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعات و هێزەکانی گاردی تایبەت و سوپای پاسداران ناڕەزایەتی و دروشمدانی تێکڕای زیندانییە سیاسییەکانی زیندانی ئێڤینی لێکەوتۆتەوە و لە حەوشەی زیندانەکەدا بە دژی ئەو هێزانە دروشمیان داوە.