محەممەد ئەمین ئاگووشی ئازاد کرا

12:15 - 28 رێبەندان 2715
ئاژانسی کوردپا: محەممەد ئەمین ئاگووشی، زیندانیی سیاسیی کورد، پاش ٨ ساڵ زیندانی بوون ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئاگووشی کە وێڕای ئیرەج محەممەدی و ئەحمەد پولادخانی بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی، لە ساڵی ١٣٨٧ی هەتاوی‏دا دەستبەسەر کرابوو، ڕێکەوتی ٢٧ی ڕێبەندان، پاش ٨ ساڵ مانەوە لە زیندان، ئازاد کرا.

ئەم مامۆستا خانەنشین کراوە، پاش دەستبەسەرکران، ماوەی ٧مانگ لە ژووری تاکەکەسیی زیندانی ورمێ‏دا بووە و دواتر لە لقی ٢ی دادگای نیزامیی، حوکمی ئێعدامی بۆ بڕایەوە، بەڵام لە لقی ٣١ی دیوانی باڵای وڵات، حوکمەکەی بۆ ١٠ ساڵ زیندان و دوورخرانەوە بۆ زیندانی زاهێدان گۆڕدرا.

لە ماوەی زیندانی بوونی‏دا، هاوسەری ناوبراو گیانی لەدەست‏ دا و کچە ٢٢ساڵەکەی بەناوی کانی، بەهۆی گوشارە ڕۆحی و ڕەوانییەکان کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

لەلایەکی دیکەوە هەواڵدەرییەکانی مافی مرۆڤی کوردستان، باسیان لە لێدان و کوتانی زیندانییەکی بەتەمەنی کورد بە ناوی \"م.شۆجاعی\" لە زیندانی مەهاباد کردووە کە تاوانەکەی سیاسی نەبووە.