محەممەد هوشەنگی لە زیندانی ورمێ کۆتایی بە مانگرتنەکەی خۆی هێنا

17:21 - 18 رەشەمه 2721

محەممەد هوشەنگی چالاکی کورد لە زیندانی ناوەندیی ورمێ، پاش ١٣ ڕۆژ کۆتایی بە مانگرتنەکەی خۆی هێنا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕۆژی سێشەممە ١٦ی ڕەشەمە، ئەوهاووڵاتییە پاش کۆتاییهێنان بە مانگرتنەکەی خۆی، لە ژووری تاکەکەسی بۆ بەندی زیندانییانی سیاسیی ورمێ گوازرایەوە.

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت: "ئەو چالاکە کوردە لەسەر بەڵێنیی بەرپرسانی زیندانی ورمێ و دادوەری چاوەدێری، لەسەر ئازادکردنی کاتیی ناوبراو بە دانانی بارمتە، کۆتایی بە مانگرتنەکەی خۆی هیناوە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "محەممەد هوشەنگی لە ماوەی مانگرتنەکەیدا، تووشی پەستانی خوێن و دابەزینی کێشی بووە".

 ناوبراوڕۆژی شەممە ٧ی ڕەشەمە لە چوارەمین ڕۆژی مانگرتنی خۆیدا لەسەر بڕیاری بەرپرسانی زیندان، بۆ ژووری تاکەکەسی ڕاگوێزرابوو.

لە ڕۆژی سێشەممە ٣ی ڕەشەمەوە محەممەد هوشەنگی خەڵکی جوانڕۆ، بەنیسبەت دژایەتیکردنی ئیتلاعاتی سپا لەگەڵ ئازادیی ناوبراو مانی لە خواردن گرتبوو.

کۆتاییەکانی مانگی ڕێبەندان لقی ١ی دادگای ئینقلابی مەهاباد بە بنەماڵەی ئەو چالاکە کوردەیان ڕاگەیاندبوو کە بڕیاری دەسبەسەرکردنی کاتیی ناوبراو گۆڕدراوە بۆ دانانی بارمتەی ٢ میلیارد تمەنی.

پاش سەردانی بەردەوامی بنەماڵەی هوشەنگی لە جوانڕۆ بۆ مەهاباد و جێبەجێکردنی کاری ئیداریی دابینکردنی بارمتە بۆ ئازادکردنی کوڕەکەیان، دادگای ئینقلابی مەهاباد پێی ڕاگەیاندوون بەهۆی دژایەتیکردنی ئیتلاعاتی سپا و درێژەدان بە لێکۆڵینەوەکان ئازاد ناکرێت.

محەممەد هوشەنگی ڕێکەوتی ٢١ی بەفرانباری ساڵی ٩٩، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە شاری تاران دەسبەسەر و  دواتر بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ورمێ ڕاگوێزرابوو.

محەممەد هوشەنگی پاش ٦ مانگ لە ژووری تاکەکەسیی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا، ڕەوانەی زیندانی ورمێ کرابوو.