محەممەد هوشەنگی لەمەڕ دژایەتیکردنی ئیتلاعاتی سپا بۆ ئازادکردنی لە زیندانی ورمێ مانی لە خواردن گرت

17:08 - 8 رەشەمه 2721

لە ڕۆژی سێشەممە ٣ی ڕەشەمەوە، "محەممەد هوشەنگی" هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری جوانڕۆ، بەنیسبەت دژایەتیکردنی ئیتلاعاتی سپا لەگەڵ ئازادیی ناوبراو، مانی لە خواردن گرتووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دۆخی تەندروستیی ئەو چالاکە کوردە بەهۆی مانگرتنەوە نالەبارە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو: "کۆتاییەکانی مانگی ڕێبەندان، لقی ١ی دادگای ئینقلابی مەهاباد بە بنەماڵەی ئەو چالاکە کوردەیان ڕاگەیاندووە کە بڕیاری دەسبەسەرکردنی کاتیی ناوبراو گۆڕدراوە بۆ دانانی بارمتەی ٢ میلیارد تمەنی".

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت: "پاش سەردانی بەردەوامی بنەماڵەی هوشەنگی لە جوانڕۆ بۆ مەهاباد و جێبەجێکردنی کاری ئیداریی دابینکردنی بارمتە بۆ ئازادکردنی کوڕەکەیان، دادگای ئینقلابی مەهاباد پێی ڕاگەیاندوون، بەهۆی دژایەتیکردنی ئیتلاعاتی سپا و درێژەدان بە لێکۆڵینەوەکان، ئازاد ناکرێت".

محەممەد هوشەنگی ڕێکەوتی ٢١ی بەفرانباری ساڵی ٩٩، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە شاری تاران دەسبەسەر و  دواتر بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ورمێ ڕاگوێزرابوو.

محەممەد هوشەنگی پاش ٦ مانگ لە ژووری تاکەکەسیی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا، ڕەوانەی زیندانی ورمێ کرابوو.