محەممەد هوشەنگی بە دانانی بارمتە لە زیندانی ورمێ ئازاد کرا

10:44 - 27 رەشەمه 2721

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی ڕەشەمە، محەممەد هوشەنگی چالاکی کورد بە دانانی بارمتە لە زیندانی ورمێ ئازاد کرا.

ئەو چالاکە کوردە بە دانانی بارمتە ٧ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی تا کۆتایی دادگاییەکەی لە زیندانی ورمێ ئازاد کراوە.

ڕۆژی سێشەممە ٣ی ڕەشەمە، محەممەد هوشەنگی خەڵکی جوانڕۆ، بەنیسبەت دژایەتیکردنی ئیتلاعاتی سپا لەگەڵ ئازادیی ناوبراو مانی لە خواردن گرتبوو و پاش ١٣ ڕۆژ لەسەر بەڵێنیی بەرپرسانی زیندانی ورمێ و دادوەری چاوەدێری، لەسەر ئازادکردنی کاتیی ناوبراو بە دانانی بارمتە، کۆتایی بە مانگرتنەکەی خۆی هێنا.

ڕۆژی سێشەممە ١٦ی ڕەشەمە، ئەو هاووڵاتییە پاش کۆتاییهێنان بە مانگرتنەکەی خۆی، لە ژووری تاکەکەسی بۆ بەندی زیندانییانی سیاسیی ورمێ گوازرایەوە.

محەممەد هوشەنگی لە ماوەی مانگرتنەکەیدا، تووشی پەستانی خوێن و دابەزینی کێشی بووە.

محەممەد هوشەنگی ڕێکەوتی ٢١ی بەفرانباری ساڵی ٩٩، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە شاری تاران دەسبەسەر و  دواتر بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ورمێ ڕاگوێزرابوو.

محەممەد هوشەنگی پاش ٦ مانگ لە ژووری تاکەکەسیی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا، ڕەوانەی زیندانی ورمێ کرابوو.