محەممەد هوشەنگی بۆ ژووری تاکەکەسی ڕاگوێزرا

10:19 - 10 رەشەمه 2721

محەممەد هوشەنگی، زیندانی کورد لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ڕۆژی شەممە ٧ی ڕەشەمە لە چوارەمین ڕۆژی مانگرتنی خۆیدا لە سەر بڕیاری بەرپرسانی زیندان، بۆ ژووری تاکەکەسی ڕاگوێزرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: "باری تەندروستی ئەو زیندانییە کوردە لە ئەنجامی مانگرتن لە خواردن، نالەبارە".

لە ڕۆژی سێشەممە ٣ی ڕەشەمەوە محەممەد هوشەنگی خەڵکی جوانڕۆ، بەنیسبەت دژایەتیکردنی ئیتلاعاتی سپا لەگەڵ ئازادیی ناوبراو مانی لە خواردن گرتووە.

کۆتاییەکانی مانگی ڕێبەندان لقی ١ی دادگای ئینقلابی مەهاباد بە بنەماڵەی ئەو چالاکە کوردەیان ڕاگەیاندووە کە بڕیاری دەسبەسەرکردنی کاتیی ناوبراو گۆڕدراوە بۆ دانانی بارمتەی ٢ میلیارد تمەنی.

پاش سەردانی بەردەوامی بنەماڵەی هوشەنگی لە جوانڕۆ بۆ مەهاباد و جێبەجێکردنی کاری ئیداریی دابینکردنی بارمتە بۆ ئازادکردنی کوڕەکەیان، دادگای ئینقلابی مەهاباد پێی ڕاگەیاندوون، بەهۆی دژایەتیکردنی ئیتلاعاتی سپا و درێژەدان بە لێکۆڵینەوەکان، ئازاد ناکرێت.

محەممەد هوشەنگی ڕێکەوتی ٢١ی بەفرانباری ساڵی ٩٩، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە شاری تاران دەسبەسەر و  دواتر بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ورمێ ڕاگوێزرابوو.

محەممەد هوشەنگی پاش ٦ مانگ لە ژووری تاکەکەسیی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا، ڕەوانەی زیندانی ورمێ کرابوو.