محەممەد نەزەری پاش ٩٩ ڕۆژ مانگرتنەکەی شکاند

19:44 - 15 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: محەممەد نەزەری، زیندانیی سیاسی پاش ٩٩ ڕۆژ، کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی خەزەڵوەر، محەممەد نەزەری یەکێک لە دێرینەترین زیندانیانی سیاسیی کوردستان و ئێران لە سەر داوای محەممەد حوسێن ئاقاسی، پارێزەری دۆسیەی ناوبراو، کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا.

ئەو زیندانییە سیاسیە لە پەیامێکدا، سپاسی هەموو ئەو کەسانەی کرد کە لە ماوەی مانگرتنەکەیدا، پشتیوانیان لێکردبوو.

محەممەد نەزەری، وەکاڵەت نامەی بۆ پارێزەری دۆسیەیەکەی واژۆ کرد.

محەممەد نەزەری، زیندانیی سیاسیی کورد، خەڵکی شاری \"ساین قەڵا\"، ڕۆژی ٩ی جۆزەردانی ساڵی ٧٣ی هەتاوی، لە لایەن مەئموورانی ئەمنییەتیی سپای ئەبووزەری شاری بۆکانەوە دەستبەسەر کرا و هەتا ئێستا لە مافی هەر جۆرە مورەخەسییەکی یاسایی بێبەرییە و لە ئەگەر بەڕێوەچوونی ئەو یاسایە بە زووترین کات ئازاد دەکرێت.

محەممەد نەزەری، کۆتاییەکانی مانگی خەرمانانی ساڵی ١٣٩١ بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لە مانەوەی دوو دەیە لە زیندان، لێوەکانی خۆی دووری و هاوکات بۆ ماوەی ٤٠ ڕۆژ مانی لە خواردن گرت.

ڕۆژی سێشەممە ٣ی ڕەشەممەی ١٣٩٥، دادستانی حکوومەتی ئێران بە ناردنی نامەیەک بۆ محەممەد نەزەری زیندانیی سیاسی لە گرتووخانەی ڕەجایی‌شاری کەرەج دژایەتی خۆی بە لێبوردنی ناوبراو دەربڕی.