محەممەد نەزەری: هەتا کۆتایی دەڕۆم

20:32 - 16 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: محەممەد نەزەری پاش ٧٠ ڕۆژ مانگرتن لە خواردن تووشی داهێزرانی جەستەیی هاتووە و بە یارمەتی زیندانییانی دیکە ڕێگا دەکات.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، محەممەد نەزەری، زیندانیی سیاسی لە گرتووخانەی ڕەجایی‌شاری کەرەج لە بارودۆخێکدا ٧٠مین ڕۆژی مانگرتنی خۆی لە خواردن تێدەپەڕێنێ کە نێونجی زەختی خوێنی لە یەک حەوتووی ڕابردوودا لە ژێر ٩ بووە هەروەها لێدانی دڵیشی لە ژێر ٥٠ بووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ڕەجایی‌شاری کەرەج بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: ئەو زیندانییە سیاسییە بە هۆی داهێزرانی جەستەیی، بە یارمەتی زیندانییانی دیکە دەتوانێ ڕێ بکات و توانای قسە کردنی کەم بووەتەوە و بە دژواری قسە دەکات.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، محەممەد نەزەری بە هۆی دۆخی نالەباری جەستەیی لە یەک حەوتووی ڕابردوودا چەندین جار لە بێهداری زیندان خەوێنراوە و جارێکیش ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە.

بە وتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، نوێنەری دۆزگەر لە کاتی سەردانی محەممەد نەزەری بە ئاشکرا پێی ڕاگەیاندووە، کە دادستانی ناتوانێت بۆ بەدەستهێنانی داواکارییەکانی کارێک بکات و باشتر وایە کۆتایی بە مانگرتنی خۆی بهێنێت.

ئەو سەڕچاوەیە ڕایگەیاند: محەممەد نەزەری لە وڵامی نوێنەری دۆزگەر وتوویەتی: هەتا کۆتایی دەڕۆم.

محەممەد نەزەری لە ڕێكەوتی ٨ی گەلاوێژی ئەمساڵ، دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن و داواکاری ئەو زیندانییە سیاسییە، قەبووڵ کردنی داوای \"گەڕانەوەی دادڕەسی\" (اعادە دادرسی) و بەکار بردنی ماددەی ١٠ ئایینی دادڕەسی بووە.

ڕێکەوتی سێ ڕەزبەر، چوار زیندانیی سیاسی لە زیندانی ڕەجایی‌شاری کەرەج لە نامەیەکدا، سەبارەت بە بارودۆخی خراپی محەممەد نەزەری، یەکێک لە دێرینەترین زیندانییانی سیاسی کوردستان هۆشداریان دایە سکرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و \"عاسمە جەهانگیر\" رێپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کارۆباری مافی مرۆڤ لە ئێران.

لەم نامەیەدا ئەم زیندانییانە داوای ئازاد کردنی محەممەد نەزەریان کردووە.
محەممەد نەزەری، زیندانیی سیاسی کورد، خەڵکی شاری \"ساین قەڵا\"، ڕۆژی ٩ی جۆزەردانی ساڵی ٧٣ی هەتاوی، لە لایەن مەئموورانی ئەمنییەتیی سپای ئەبووزەری شاری بۆکانەوە دەستبەسەر کرا و هەتا ئێستا لە مافی هەر جۆرە مورەخەسییەکی یاسایی بێبەرییە.

ناوبراو یەکێک لە دێرینەترین زیندانییانی سیاسیی کوردستان و ئێرانە، کە بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و چالاکیی تەبلیغی بۆ ئەو حیزبانە دەسبەسەر کراوە و دادگا بەبێ بوونی پارێزەر و بە سەرۆکایەتی دادوەر \"جەلیل زادە\"، بەرپرسی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ، ناوبراوی بە ئێعدام مەحکووم کرد.

ئەو هاووڵاتییە سەرئەنجام ساڵی ١٣٧٨ حوکمی لەسێدارەدانەکەی بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا و هەتا ئێستا لە زیندانەکانی ورمێ و ڕەجایی‌شاری کەرەج لە دەسبەسەری دایە و لە مافی چوونە مەرەخەسیی بێبەرییە.

محەممەد نەزەری، کۆتاییەکانی مانگی خەرمانانی ساڵی ١٣٩١ بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لە مانەوەی دوو دەیە لە زیندان، لێوەکانی خۆی دووری و هاوکات بۆ ماوەی ٤٠ ڕۆژ مانی لە خواردن گرت.

ڕۆژی سێشەممە ٣ی ڕەشەممەی ١٣٩٥، دادستانی حکوومەتی ئێران بە ناردنی نامەیەک بۆ محەممەد نەزەری زیندانیی سیاسی لە گرتووخانەی ڕەجایی‌شاری کەرەج دژایەتی خۆی بە لێبوردنی ناوبراو دەربڕی.