محەممەد نەزەری دووبارە لە زیندانی ورمێ مانی لە خواردن گرت

15:14 - 5 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: دیرینترین زیندانی سیاسی کوردستان و ئێران جارێکی دیکە مانی لە خواردن گرت.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی ٣ی سەرماوەز، محەممەد نەزەری، زیندانی سیاسی کورد بۆ نارەزایەتی دەربڕین لەهەمبەر \"پێڕانەگەیشتنی پزیشکی\" مانی لە خواردن گرت.

پزیشکانی بێهداری زیندانی ورمێ پاش پشکنینی پزیشکی ئەو زیندانییە سیاسیە ڕایانگەیاند: بە هۆی نەخۆشی گورچیلە دەبێ ناوبراو دەستبەجێ لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی دەروەی زیندان نەشتەرگەری بۆ بکرێت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ورمێ‌وە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند:\"

سەرەڕای هۆشداری پزیشکان هەتا ئێستا بەرپرسانی زیندان هیچ هەوڵێکیان بۆ نەشتەرگەری محەممەد نەزەری لە دەرەوەی زیندان ئەنجام نەداوە\".

ئەو زیندانییە کوردە کە بۆ ماوەی ٩٩ ڕۆژ لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج مانی لە خواردن گرتبوو، باری تەندروستی نالەبارە و لەگەڵ دوو زیندانی سیاسی دیکەی کورد ڕۆژی ٢٤ی خەزەڵوەر، لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج بۆ زیندانی ورمێ گوازرایەوە.

محەممەد نەزەری، زیندانیی سیاسیی کورد، خەڵکی شاری \"ساین قەڵا\"، ڕۆژی ٩ی جۆزەردانی ساڵی ٧٣ی هەتاوی، لە لایەن مەئموورانی ئەمنییەتیی سپای ئەبووزەری شاری بۆکانەوە دەستبەسەر کرا و هەتا ئێستا لە مافی هەر جۆرە مورەخەسییەکی یاسایی بێبەری کراوە.