محەممەد نەزەری دوای ٨٢ ڕۆژ مانگرتن بۆ نەخۆشخانه ڕاگوازرا

15:26 - 28 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: محەممەد نەزەری، یەکێک لە دێرینەترین زیندانیانی سیاسیی ئێران و کوردستان بە هۆی نالەباری دۆخی جەستەیی دوای ٨٢ ڕۆژ مانگرتن بۆ نەخۆشخانه ڕاگوازرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، محەممەد نەزەری، یەکێک لە دێرینەترین زیندانیانی سیاسیی ئێران و کوردستان لە زیندانی ڕەجایی‌شاری کەرج بە هۆی نالەباری دۆخی جەستەیی دوای ٨٢ ڕۆژ مانگرتن بۆ نەخۆشخانه ڕاگوازرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ڕەجایی‌شاری کەرەج ڕایگەیاندووە، کە دۆخی جەستەیی محەممەد نەزەری نالەبارە و زیندوو بوونی لە مەترسی دایه.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش کرد، کە محەممەد نەزەری ئێستا لە دۆخێکی نالەباری جەستەیی دایە، بە جۆرێک کە هێزی قسە کردن و ڕێگا ڕۆیشتنی نەماوە و زیاتر لە ٢٥ کیلۆ کێشی خۆی لە دەست داوە و زیندوو بوونی کەتووەتە مەترسیەوە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە لە زیندان ڕایگەیاندووە، تا ئێستا چەند جار سێرۆمیان لە ناوبرا داوە، بەڵام ناوبراو مانگرتنی خۆی نەشکاندووە.

ئەمرۆ ٨٢ ڕۆژ لە مانگرتنی محەممەد نەزەری تێپەڕ دەبێت. مانگرتنێک کە هۆکارەکەی بۆ پێڕانەگەیشتن بە پەروەندەکەی و جێبەجێ نەکردنی یاسای سزادانی ئیسلامی پەسندکراوی ساڵی ٩٢ دەگەڕێتەوە کە بەپێی ئەو یاسایە دەبێ ناوبرا ئازاد بکرێت، هەر بۆیە محەممەد نەزەری لە ڕێکەوتی ٨ی گەلاوێژی ئەمساڵەوە دەستی دایە مانگرتن.

ئەگەر ئەو یاسایه جێبەجێ بکرێت ماوەی زیندانیی ناوبراو بۆ ١٥ ساڵ دادەبەزێت.

محەممەد نەزەری، زیندانیی سیاسی کورد، خەڵکی شاری \"ساین قەڵا\"، ڕۆژی ٩ی جۆزەردانی ساڵی ٧٣ی هەتاوی، لە لایەن مەئموورانی ئەمنییەتیی سپای ئەبووزەری شاری بۆکانەوە دەستبەسەر کرا و هەتا ئێستا لە مافی هەر جۆرە مورەخەسییەکی یاسایی بێبەرییە.

ناوبراو یەکێک لە دێرینەترین زیندانییانی سیاسیی کوردستان و ئێرانە، کە بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و چالاکیی تەبلیغی بۆ ئەو حیزبانە دەسبەسەر کراوە و دادگا بەبێ بوونی پارێزەر و بە سەرۆکایەتی دادوەر \"جەلیل زادە\"، بەرپرسی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ، ناوبراوی بە ئێعدام مەحکووم کرد.

ئەو هاووڵاتییە سەرئەنجام ساڵی ١٣٧٨ حوکمی لەسێدارەدانەکەی بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا و هەتا ئێستا لە زیندانەکانی ورمێ و ڕەجایی‌شاری کەرەج لە دەسبەسەری دایە و لە مافی چوونە مەرەخەسیی بێبەرییە.

محەممەد نەزەری، کۆتاییەکانی مانگی خەرمانانی ساڵی ١٣٩١ بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لە مانەوەی دوو دەیە لە زیندان، لێوەکانی خۆی دووری و هاوکات بۆ ماوەی ٤٠ ڕۆژ مانی لە خواردن گرت.

ڕۆژی سێشەممە ٣ی ڕەشەممەی ١٣٩٥، دادستانی حکوومەتی ئێران بە ناردنی نامەیەک بۆ محەممەد نەزەری زیندانیی سیاسی لە گرتووخانەی ڕەجایی‌شاری کەرەج دژایەتی خۆی بە لێبوردنی ناوبراو دەربڕی.