محەممەد نەزەری: داواکاری من نە ئازادییە و نە هاتن بۆ مورخەسی بەڵکوو بەڕێوەبردنی یاسایە

13:40 - 27 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: محەممەد نەزەری، زیندانیی سیاسی لە زیندانی ڕەجایی‌شاری کەرەج، پاش ٨١ ڕۆژ مانگرتن لە خواردن، نامەیەکی بڵاو کردەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، محەممەد نەزەری، زیندانیی سیاسی لە نامەیەکدا، پێداگری لە سەر مانگرتنەکەی لە خواردن کرد، هەتا ئەو کاتەی دادکارییەکانی جێبەجێ دەبێت.

لە بەشێکی ئەو نامەیەدا هاتووە، بێکەسترین زیندانیی ئەم شارەم! شارێک کە لەگەڵ ناوەکەی تێکەڵ بووە، بەداخ و سەرسووڕمانەوە ٨١ ڕۆژ لە مانگرتنم دەگوزەرێت، بەڵام هیچ گوێیەک بیستراو و دەستێکی یارمەتیدەر بۆ من بە دیت ناکرێت.

من محەممەد نەزەریم، ماوەی ٢٤ ساڵە لە پشت میللەکانی زیندان لە شاری مەهاباد هەتا ورمێ هەتا زیندانی ڕەجایی‌شاری کەرەج و هەر ڕۆژ بێکەستر و تەنیاتر لە جارانم، باوک و دایک و براکەم ڕەوانە گۆڕستانی شاری بۆکان کران.

بێجگە لە خەڵک کەسێکی دیکەم نییە، ٨١ ڕۆژە لە مانگرتنم لە خواردن دەگوزەرێ، مانگرتنێک بۆ داواکاریەکی سادە، داواکاری من نە ئازادیە و نە هاتن بۆ مورخەسییە، بەڵکوو بەڕێوەچوونی یاسایە، یاسایەک کە بە بەڕێوەچوونی دەبوو چوار ساڵ و نیو پێش ئازاد دەبووم، وەلێ دەستە نادیارەکانی دەسەڵات و ئەمنییەت لە بەڕێوەبردنی ئەو یاسا (ماددەکانی١٠و٩٩و١٢٠و٧٢٨ لە یاسای سزای ئیسلامیی نوێی) بۆ من بوونەتە لەمپەر، ئێستا پاش ٢٤ ساڵ لە زیندان لە کاتی تەنیای و بێکەسیدا هیچ ڕێگایەکی دیکە بێجگە لە مانگرتنم بۆ نەماوەتەوە.

دەقی تەواوی ئەو نامەیە لە بەشی فارسی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا دایە.