محەممەد نەزەری: داواکارییەکانی سەعید شێرزدا جێبەجێ‌ ناکرێت

14:56 - 26 بەفرانبار 2716
ئاژانسی کوردپا: محەممەد نەزەری، یەکێک لە کۆنترین زیندانیانی سیاسیی کوردستان لە نامەیەکدا هۆکاری شکاندنی مانگرتن لە خواردنی سەعید شێرزادی بۆ ڕای گشتی ڕوون کردەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، محەممەد نەزەری، زیندانیی سیاسی لە زیندانی ڕەجایی‌شاری کەرەج، نامەیەکی سەبارەت بە شکاندنی مانگرتن لە خواردنی سەعید شێرزاد بڵاو کردەوە و لەو نامەیەدا باسی لەوە کردووە کە؛ لە کاتێکدا داواکارییەکانی ناوبراو جێبەجێ نەکرێت، ناوبراو مافی مانگرتن بۆ خۆی بەڕەوا دەزانێت و هیچ ترسێکی نیه.

سەعید شێرزاد، چالاکی سیاسیی کورد کە لە ڕێکەوتی ١٧ی سەرماوەزەوە بە دوورینی لێوی مانی لە خواردن گرتبوو، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٥ی بەفرانبار کۆتایی بە مانگرتنەکەی خۆی هێنا.

سەعید شێرزاد بە هۆی نەبوونی ئەمنییەتی زیندانیانی سیاسی و عەقیدەتی لە زیندانی ڕەجایی‌شاری کەرەج و پێشێل کردنی مافی زیندانیان دەستی دابۆیە مانگرتن.

پێشتریش عاسمە جەهانگیری، ڕێپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤی نەتەوەی یەکگرتووەکان لە بەیانییەیەکدا سەبارەت بە مانگرتنی زیندانیانی سیاسی یەک لەوانە سەعید شێرزاد هۆشداری دابوو.

جۆزەردانی ساڵی ٩٣ سەعید شێرزاد بۆ جاری دووهەم لە لایەن هێزەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات دەستبەسەر و دوای ٢ مانگ دەستبەسەری لە ژووری تاکەکەسی‌دا، لە خەرمانانی ٩٤دا بە تۆمەتی کۆبوونەوە و تەبانی دژی تەناهیی نەتەوەیی، حوکمی ٥ ساڵ زیندانی بۆ بڕایەوە.

ناوبراو بۆ یەکەم جار لە مانگی خەرمانانی ٩١دا لە کاتی یارمەتیدان بە هاووڵاتییانی ئازەریی پارێزگای تەورێز لە کاتی بومەلەرزەکەی ئەو شارەدا دەستبەسەر کرا.

لە بەشێکی ئەو نامەیەدا کە بە ئاژانسی کوردپا گەیشتووە، باس لەوە دەکات؛ \"کۆهەندانی\"، قازیی چاودێر لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرج که بەرپرسیارەتی نوێنەرایەتی سەردۆزگەری لە ئەستۆیە، بەڵێنی جێبەجێ‌کردنی داواکارییەکانی ناوبراوی داوبوو بەڵام تا ئێستا هیچی جێبەجێ نەکردووە.