محەممەد مەهجوور بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ ملیۆن تمەنی لە زیندانی سنە ئازاد کرا

17:29 - 22 پووشپەڕ 2722

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٢ی پووشپەڕ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "محەممەد مەهجوور" خەڵکی گوندی "مەلقەرەنی" سەر بە شاری سەقز، بە دانانی ٧٠٠ ملیۆن تمەنی هەتا کاتی دادگاییەکەی ئازاد کراوە.

ئەو هاووڵاتییە پاش زیاتر لە ٧ مانگ لە زیندانی سنە، بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی ئازاد کراوە.

ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە چوارشەممە ٢٧ی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٠، لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سنە بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو، محەممەد مەهجوور بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سنە کرابوو.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە، لە هۆکاری گیران و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.