محەممەد مەمەندزادە، ڕۆژنامەنووس و چالاکی ژینگەیی پاش چوونەدەرەوە لە ئێران، لەگەڵ مەترسیی دیپۆرت بەرەوڕوویە

11:37 - 24 گەلاوێژ 2722

محەممەد مەمەندزادە، ڕۆژنامەنووس و چالاکی ژینگەیی خەڵکی شاری سەردەشت، کە ماوەیەک پێش بە ناچاری ئێرانی بەجێ هێشت، لەگەڵ مەترسیی دیپۆرتکردنەوە لە وڵاتی تورکیە، بەرەوڕوویە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە کوردپای ڕاگەیاند: ئەو ڕۆژنامەنووسە پاش ئەوەیکە لە مانگەکانی ڕابردوودا، بەهۆی گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان و بانگهێشتکردنی بەردەوامی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سەردەشت و هەروەها لێپرسینەوە لەلایەن لێپرسەکانی ناوەندە ئەمنییەتییەکان، ناچار بە بەجێهێشتنی زێدی خۆی ببوو،  بە مەبەستی کۆچکردن بۆ وڵاتێکی ئەمن، لەلایەن پۆلیسی تورکییەوە دەسبەسەر و مەترسیی دیپۆرتکردنەوەی لە سەرە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: محەممەد مەمەندزادە لە شاری "دمرە"ی سەر بە پارێزگای ئانتالیا، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی تورکییەوە دەسبەسەر کرابوو.

محەممەد مەمەندزادە، خوێندکاری پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی زانکۆی عەلامەی تەباتەبایی، ئەندامی فێدراسیونی نێونەتەوەیی ڕۆژنامەنووسان، چالاکی ژینگەیی و لە دامەزرێنەرانی ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی "بژوێن"، بووە و هەروەها لە مانگنامەی "خط صلح" خەریکی نووسینی بابەت لە سەر ژینگەپارێزی، بووە.

پێشتر ئاژانسی کوردپا لە هەواڵێکدا، باسی لە بانگهێشت و گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ئەو چالاکە ژینگەییە کردبوو.

یەکێک لە چالاکانی مەدەنیی سەردەشت لە مەڕ گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە سەر چالاکانی مەدەنیی ئەو شارە، ڕایگەیاند: سەردەشت یەکێک لە شارەکانی پارێزگای ورمێیە، کە لە ساڵانی ڕابردوودا، بەهۆکاری جۆراوجۆر بە تایبەتی کۆچکردن، کوشتنی زۆری کۆڵبەران، دەسدرێژی گرووپی بۆ سەر ژنان کە پشتیوانی هێزە حکوومەتییەکانی لە پشت بووە، دزەکردنی سەلەفییەکان و گوشاری ئەوان بۆ سەر چالاکانی مەدەنی، مێلیتاریزە کردنی ناوچە سنوورییەکان، پەرەسەندنی بێکاری و ...، لەگەڵ کێشەگەلێکی زۆر بەرەوڕوو بووە و بە هەمان پێوانە لەو شارە چووکەیە گوشار بۆ سەر چالاکانی مەدەنییش زۆر بووەتەوە.