محەممەد عەلی‌محەممەدیان لەگەڵ سەرکۆمارەکانی ئێران رکابەری دەکات

20:24 - 7 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: ناوی کەسایەتییەکی فەرهەنگیی کورد لە ریزی ناوی ئەو کەسانەدایە، کە ساڵی ١٣٩٢ لە میدیاکاندا زۆرترین هەواڵیان لەسەر ساز کراوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ ماڵپەڕی رادیۆ فەردا بۆ سێیەمین ساڵی بەردەوام راپرسییەکی بۆ ١٠ سیمای ناوخۆی وڵاتی ئێران تەرخان کردووە.

محەممەد عەلی محەممەدیان، مامۆستای کوردی خەڵکی شاری مەریوان، تاقە کەسایەتی فەرهەنگیی ئەمساڵە، کە لەگەڵ حەسەن رۆحانی، بابەک زەنجانی، سەعید مورتەزەوی بۆ بەدەستهێنانی دەنگی بەردەنگانی ماڵپەڕی رادیۆ فەردا رکابەری دەکات.

\"18500.jpg\"
محەممەد عەلی محەمەمدیان لە ماڵی ماهان
ئەو مامۆستا کوردە مانشێتی هەواڵی زۆربەی میدیاکانی کوردستان و ئێران بوو، کە بە نێشانەی هاودەردی لەگەڵ ماهان یەکێک لە قوتابیانی خۆی، کە بەهۆی تووشبوون بە نەخۆشییەکی تایبەت قژە سەری وەریبوو، قژە سەری خۆی تاشی.

محەمەمد عەلی محەممەدیان مامۆستای قوتابخانەی شێخ شەڵتووتی مەریوانە، کە پاش تاشینی قژی سەری، لەلایەن حەسەن رۆحانییەوە رێزی لێگرا و تەمری تایبەت بە وێنەی ئەو مامۆستا کوردەوە لە چاپ درا.

زیاتر لە ٢٠٠ رۆژنامەنووس و هەواڵنێر، ناوی ئەو کەسانەی کەلە ساڵی ١٣٩٢دا لەمیدیاکاندا زۆرترین هەواڵیان لێ ساز کراوە و دەنگدانەوەی جیهانیان هەبووە، بۆ ئەو راپرسییەی رادیۆ فەردا ناردووەو لە ئەنجامدا لیستەیەکی ١٠ کەسی کە \"جواد زەریف، مەهدی کەڕوبی، عەلی موتەهەری، میرحوسێن مووسەوی، محەمەمد نووریزاد و هاشمی رەفسنجانی\"شی لەخۆ گرتووە، لەو راپرسییەدا ناویان هاتووە.

رەزا پەهلەوی چالاکی سیاسی و کوڕی حەمەرەزا شا و نەسرین ستوودە پارێزەر لە دادگاکانی ئێران و چالاکی مافی مرۆڤ ئەو دوو کەسە بوون کە لە دووساڵی رابردووداو لەو راپرسییەدا زۆرترین دەنگیان هێناوەتەوە.

رادیۆ فەردا رایگەیاندووە؛ ئەم راپرسییە بنەمای زانستی نییە و ئاوێنەی بۆچوون و تێڕوانینی رادیۆ فەردا نییە.