محەممەد جەواهیری بە زیندان و لێدانی قامچی مەحکووم کرا

12:05 - 14 سەرماوەز 2722

محەممەد جەواهیری، خوێندکاری خوێندنەوەی لاوان لە زانستگەی زانستی کۆمەڵایەتیی تاران و خەڵکی شاری سەردەشت، لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تاران، بە ٤ ساڵ و ٧ مانگ زیندانی تەعزیری و لێدانی ٧٤ قامچی مەحکووم کراوە.

بەپێی حوکمی دادگا، ئەو خوێندکارە کوردە بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی بە مەبەستی ئەنجامدانی تاوان دژی ئەمنییەتی ناوخۆیی و دەرەکی" بە ٣ ساڵ و ٧ مانگ و "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی" بە ساڵێک زیندان و لێدانی ٧٤ قامچی مەحکووم کراوە.

ئەو خوێندکارە کوردە، بە دوو ساڵ قەدەغە کردن لە ئەندامییەتی لە گرووپ و لایەنە سیاسییەکان و هەروەها چوونەدەرەوە لە ئێران، مەحکووم کراوە.

ڕۆژی ٣ی ڕەزبەر، محەممەد جەواهیری لەلایەن حیراسەتی زانکۆی تاران لە خەوتنگە دەر کرا و پاش دەرکرانی لە کوی زانکۆی تاران، کاتژمێر ٤ی ئێوارە لە تێرمیناڵ و لە کاتی گەڕانەوە بۆ شاری سەردەشت، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ زیندانی ئێڤین ڕاگوێزرابوو.

ئەو هاووڵاتییە لەکاتی دەسبەسەری لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە ئازار و ئەشکەنجە کرابوو.

محەممەد جەواهیری پاش ٢١ ڕۆژ لە دەسبەسەری، ڕێکەوتی ٢٥ی ڕەزبەر، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد و ڕۆژی ٢٢ی خەزەڵوەر، کۆبوونەوەی دادگاییکردنی لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تاران، بەڕێوە چووبوو.