محەممەد جەعفەر مونتەزری وەک دادستانی گشتیی ئێران هەڵبژێردرا

16:35 - 16 خاکەلێوه 2716
ئاژانسی کوردپا: سادق لاریجانی، بەپێی حوکمێک محەممەد جەعفەر مونتەزریی وەک بەرپرسی دادستانیی گشتیی وڵات دیاری کرد.

\"ئیبراهیم ڕەئیسی\" دادستانی پێشووی گشتیی ئێران دوای مەرگی \"عەباس واعظ تەبەسی\" بە حووکمی عەلی خامنەیی، تەولیەتی ئاستانی قودسی ڕەزەویی بەدەستەوە گرت.

مونتەزری ساڵی ١٣٢٧ی هەتاوی لەدایک بووە و دوای سەرکەوتنی لایەنە مەزهەبییەکان لە شۆڕشی ٥٧دا و پاوانکردنی دەسەڵات لە لایەن ئەو هێزەوە، لە سەر بانگهێشتی محەممەد محەممەدیی گیلانی لە ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی، ڕۆیشتە تاران و دوای یەک سال پێڕاگەیاندنی قەزایی خۆیی لە سەرۆکی شوورای باڵای قەزایی کە ئەو کات ئایەتوڵڵا مووسەوی ئەردەبیلی بوو، وەرگرت.

محەممەد جەعفەر مونتەزری لە بیرەوەرییەکانی خۆیدا هۆکاری بانگهێشتکردنی ناوبراو بۆ تاران و سەرقاڵ‌بوونی بە کاری قەزاوەتی بۆ بوونی هێزەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و کەڵەکەبوونی پەروەندە قەزاییەکانی پێوەندیدار بەو مەسەلەیە و بەرەپێشبردنی سەرکوتی دژبەران دەزانێت.

ناوبراو لەو بارەیەوە دەڵێت: \"لە ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی‏دا، بە هۆی بەرزبوونەوەی شەڕئەنگێزیی مونافیقان دیسانەوە بۆ هاوکاری بانگهێشت کرام و گەڕامەوە تاران کە درێژە بە کارەکەم بدەم. دوای ماوەیەک ئایەتوڵڵا گیلانی کە باوەڕیان وابوو من قازییەکی باشم پێداگریان کرد کە پێڕاگەیاندنی قەزایی وەربگرم و منیش قەبووڵم کرد.

مونتەزری لە سەرکوتی هێزە نەیار و ناڕازییەکان لە هیچ شتێک سڵی نەکردەوە و لە دەرکردنی حووکمی ئیعدامی چالاکانی سیاسی دەرێغی نەکردووە.

لە ساڵەکانی ١٣٦٦ و ١٣٦٧ی هەتاوی، بۆ تەواوکردنی پرۆسەی سەرکوتی دژبەران و سەقامگیرکردنی حکوومەتی ئیسلامی، ئەو جۆرەی کە خۆی باسی دەکات بە هاوکاریی ٣ کەس لە دۆستەکانی، ڕێکخراوی قەزایی هێزە چەکدارەکانی دامەزراند و سیستمی سەرکوتی زیاتر سیستماتیک‌ کردووە.

ناوبراو هەروەها ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی، جێگری یەکەمی دادستانی گشتیی وڵات لە سەردەمی عەبدولنەبی نەمازی و قوربانعەلیی دۆڕیی نەجەف‌ئابادی و ڕاوێژکاری مەحموود هاشمی شاهردووی لە زەمانی سەرۆکایەتی نابراو لە هێزی قەزایی بووە.

مونتەزری خەرمانانی ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی، سەرۆکایەتی دیوانی عەداڵەتی ئیداری بەدەستەوە گرت و هاوکات لە لایەن ڕێبەری حکوومەتی ئێران بەرپرسیارەتی سەرۆکی گشتیی دادگای تایبەتی ڕووحانییەتی بەدەستەوە گرت.

دادگای تایبەتی ڕووحانیەت یەکێک لە ئەرکانەکانی دەزگای قەزایی ئێرانە کە جۆزەردانی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی، پێش ئەوەیکە یاسای بنەڕەتیی حکوومەتی ئێران بنووسرێت، لە سەر بڕیاری ئایەتوڵڵا خومەینی دامەزرا. ئەو دادگایە نە تەنیا لە یاسای بنەڕەتیی ئێراندا جێگای نیە، بەڵکوو بە باوەڕی زۆربەی کەسایەتییە یاساییەکان لەگەڵ یاسای بنەڕەتی ناکۆکە.

دادگای تایبەتی ڕووحانییەتی سەربەخۆ، لە هێزی قەزایی و دیوانی باڵای وڵات و ڕاستەوخۆ لەژێر چاودێریی ڕێبەری ئێران چالاکی دەکات و ڕەوتی دادڕەسی لەو دادگایەش لەگەڵ هێزی قەزایی و هەموو دادگاکانی دیکەی ئێران جیاوازیی هەیە.

ئەو دادگایە لە ماوەی ٣٠ ساڵ کاری خۆیدا، چەندین کەس لە ڕەخنەگرانی حکوومەتی خۆی محاکمە و ئیعدام کردووە.