محەممەد باختەر پاش ساڵێک لە بریندار بوونی بە تەقینەوەی مین لە خزمەتگوزاری بێبەرییە

14:19 - 26 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد، خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری مەریوان، ساڵێک پێش ئێستە کە بە هۆی تەقینەوەی مین لاقێکی لە دەست دا، هەنووکە لە خزمەتگوزاریی دەوڵەتی بێبەرییە.

هەواڵدەریی فارس لە پارێزگای سنە بڵاوی کردەوە، پاش بریندار بوونی محەممەد باختەر هاووڵاتیی کورد، کە سەرباز بووە، لە سەر بڕیاری مەعسوومە ئیبتکار بەرپرسی حیفازەتی ژینگەپارێزی، بەڵێنی دامەزراندنی ئەو هاووڵاتییە دراوە و پاش ساڵێک و چەند مانگ ئەو بەڵێنە جێبەجێ نەکراوە.

محەممەد باختەر لەو پەیوەندییەدا، دەڵێت: هەتا کاتێک لە نەخۆشخانە بووم تێچووی دەوا و دەرمان لە لایەن دەوڵەتەوە دەدرا، بەڵام پاش مورخەس کردنم لە نەخۆشخانە، سەرەڕایی ئەوەی کە من سەرباز بووم و لە کاتی نیگابانییەکەم تووشی ئەو ڕووداوە بووم، تەواوی تێچووی دەرمانەکانم بۆ خۆم داومە و هیچ ناوەندێکی حکوومەتی وڵامدەری پێداویستییەکانی من نەبوون.

ئەو هاووڵاتییە کوردە دەڵێت: چەندین جار پاش ئەو ڕووداوە لەگەڵ پارێزگاری سنە، فەرماندار و نوێنەری مەریوان و سەوڵاوا لە مەجلیسی شۆرای ئیسلامی و هێزی زەوینی ئەرتەش، بۆ دامەزراندنم لە ڕێکخراوی ژینگەپارێزی پەیوەندیم گرتووە، بەڵام تەواوی دەرگاکان بە ڕووم داخراون.

بە وتەی جەبار تەهماسبی لێکۆڵەری ماف، دۆسییەی \"باختەر\" نموونەی بەرچاوی لاوازی یاسا و بەڕیوەبردنی ئەو یاسایە، دواکەوتنی جێبەجێ کردنی بەڵێنە پووشاڵییەکان لە پشتیوانی ئەو هاووڵاتییە کورد کە سەرباز بووە، جێی داخە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، کە سەرباز بووە، ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی سەرماوەز ساڵی ڕابردوو (٩٥)، لە شاری عەجب شێری پارێزگای تەورێز، بە هۆی تەقینەوەی مینە چێندراوەکان لە دەروبەری پایەگا بە سەختی بریندار دەبێت.

محەممەد باختەر، لە کاتی ڕزگار کردنی سەگێک کە بە تێلدڕووەکانی دەوروبەری پایەگاکەوە گیری کردبوو، یەکێک لە مینە چێنراوەکان دەورووبەری ئەو پایگایەی پێدا دەتەقێتەوە و لەو ڕووداوەدا لاقێکی لەدەست داوە.