ماڵاوایی راوچییەکی نەغەدەیی لەگەڵ راوكردن

15:28 - 30 خەرمانان 2714
ئاژانسی كوردپا: كۆنە راوچییەكی شارستانی نەغەدە بە ئازادكردنی كەوەكانی، وازی لەڕاوكردن هێنا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، قەرەنی رەسووڵی دوای شەش ساڵ ڕاوكردنی بەردەوام و گرتنی كەو، بە بەشداری ئەندامانی ئەنجومەنە ژینگەپارێزەكان و ژمارەیەک هاووڵاتی، پێنج كەوی ئازاد كرد.

\"22210.jpg\"
قەرەنی رەسووڵی پاش ئازاد كردنی كەوەكانی، كەلوپەلەكانی راوكردنیشی لەناو برد.

بەر لە قەرەنی دوو كۆنە راوچی دیكەی خەڵكی نەغەدەش وازیان لەراو كردن هێنابوو و چەك و قەفەسەكانی خۆیان شكاندبوو.

بەوتەی چالاكانی ژینگەپارێزی رەوتی بەردەوامی وازهێنان لە ڕاو لەكوردستان، نیشانەی جێگیر بوونی فەرهەنگی ژینگەخۆشەویستی لای هاووڵاتیانی كوردە.

چەند رۆژ لەمەوبەریش هاووڵاتییەكی ئەو شارە باڵەندەیەكی برینداری جۆری \"لەک لەک\"‌ی تیمار كردبوویەوە و گەڕاندبوویەوە بۆ یەكێک لە \"تاڵا\"‌وەكانی شاری نەغەدە.

شارستانی نەغەدە یەكێك لەشارەكانی باشووری ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوایە و خاوەنی چەندین تاڵا وەرزی و هەمیشەیە.

لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا هاووڵاتییانی كورد بە واز هێنان لەڕاو، خاوێن كردنەوەی شوێنە گشتی و سەیرانگەكان، ئازاد كردنی باڵەندە و كۆنترۆڵ كردنی ئاگركەوتنەوەكان خۆشەویستی خۆیان بۆ ژینگەی كوردستان دەبڕیوە.