ماکۆ؛ دەسبەسەریی کورتماوەی دایکی زەینەب جەلالیان لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە

10:50 - 3 رەشەمه 2721

ڕۆژی دووشەممە ٢ی ڕەشەمە، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی "گوزەل حاجی‌زادە" دایکی زەینەب جەلالیان زیندانی سیاسیی کوردیان دەسبەسەر و پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە، ئازادیان کرد.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "ڕۆژی یەکشەممە ١ی ڕەشەمە، کورتە ڤیدیۆیەک لە دایکی زەینەب جەلالیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەوە و ڕایگەیاندبوو کە ئاگاداری دۆخی تەندروستیی زەینەب نییە و ڕۆژی دووشەممە ٢ی ڕەشەمە هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی چوونەتە ماڵی زەینەب جەلالیان و دایکی ئەو زیندانییە سیاسییەیان دەسبەسەر و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ماکۆیان ڕاگواستووە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "هیزە ئەمنییەتییەکان هەڕەشەیان لە دایکی زەینەب جەلالیان کردووە کە لە میدیاییکردنی هەواڵی کچەکەی و وتووێژ لەگەڵ میدیاکان خۆی ببوێرێت".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: "دایکی زەینەب جەلالیان پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە، ئازاد کرابوو".

زەینەب جەلالیان ڕێکەوتی ٨ی بانەمەڕی ئەمساڵ بە هۆکاری نادیار لە زیندانی خۆی ڕەوانەی زیندانی کرماشان و دواتر لە ڕێکەوتی ١٣ی بانەمەڕی ئەمساڵ، بۆ بەندی دابڕگەی زیندانی قەرچەکی وەرامین ڕاگوێزرابوو.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە ڕێکەوتی ٥ی پووشپەڕ لە زیندانی قەرچەکی وەرامین بۆ زیندانی کرمان دوور خرایەوە و  ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی گەلاوێژ بە ئامادەبوونی دوو کەس لە مەئموورانی ئەمنییەتی لەگەڵ بنەماڵەکەی بە تەلەفۆنی قسەی کردووە و ڕایگەیاندبوو کە مافی نییە بە زمانی کوردی قسە بکات و دەبێ بە زمانی فارسی قسە بکات.

پێشتر "دەنیز جەلالیان" خوشکی "زەینەب" سەبارەت بە دوایین بارودۆخی خوشکەکەی لە وتووێژێک لەگەڵ ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: "هەروەک دەزانن ماوەی ١٣ ساڵە زەینەب لە زینداندایە و لە ماوەی ئەو ١٣ ساڵەدا، ئازار و ئەشکەنجە دراوە و تووشی چەندین جۆر نەخۆشین بووە. زۆربەی کاتەکان گوشارەکان لەسەر زەینەبە بۆ  ئەوەی ناچاری بکەن کە دانپێدانانی زۆرەملێ ئەنجام بدات و هاوکاریی هێزە ئەمنییەتییەکان بکات".

ئەو زیندانییە سیاسییە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوی، لە کرماشان لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا. پاشان لە سەرماوەزی ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی، بە تۆمەتی موحاربە و ئەندامیەتی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان، بە ئێعدام مەحکووم کرا و دواتر بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا.

حوکمی لەسێدارەدانی ئەو زیندانییە سیاسییە لە مانگی بانەمەڕی ساڵی ٨٨ لەلایەن دادگای پێداچوونەوە پشتڕاست کرایەوە، بەڵام دواتر لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ٩٠ لەسەر بڕیاری لێبووردنی ڕێبەری نیزام، بۆ زیندان  گۆڕدرا و کەم کرابووەوە.

زەینەب ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی لە شاری ماکۆ سەر بە پارێزگای ورمێ لەدایک بووە.