ماوەی ٥ مانگە چارەنووسی گیراوێکی سیاسیی کورد ناڕوونە

21:25 - 25 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: ماوەی ٥ مانگە هیچ هەواڵێک لە چارەنووسی زیندانییەکی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد لەبەر دەستدا نییە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی \"رەجایی شاری کەرەج\"ـەوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، ٥ مانگ پیش ئێستا سمکۆ خلقەتی لەلایەن ‌هێــزە ئیتلاعاتییەکانەوە بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین راگوێزرا، بەڵام هەتا ئێستا هیچ هەواڵێک لە چارەنووسی ئەو زیندانییە کوردە لەبەر دەست دا نییە.

ئەو سەرچاوەیە راشیگەیاند، ئەگەری ئەوە دەکرێ هێزە ئیتلاعاتییەکان ئەو زینداییە کوردەیان بەمەبەستی لێکۆڵینەوەی زیاتر بۆ ژوورە تاکەکەسییەکانی زیندانی ئێڤین راگوێزرابێت.

سمکۆ خڵقەتی تەمەن ٣٤ ساڵ و خەڵکی شاری مەهاباد رێکەوتی ٢٨ی بەفرانباری ساڵ ٨٨ لە شاری ئەراک دەستبەسەر و دواتر بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە ١٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

ناوبراو بڕوانامەی کارناسیی ئەندازیاری مێتالۆژیی لە زانکۆی \"سەنعەتی شەریف\"ی تاران وەرگرتووەوەو لە دامەزراوەی ناوکیی شاری ئەراک وەک ئەندازیاری مێتالۆژی سەرقاڵی کار کردن بووە.

سمکۆ خلقەتی لە کۆتایی مانگی رەشەممەی ساڵی رابردوودا بە زەبری هەڕەشەی وەزارەتی ئیتلاعات لەبەر چاوی کامێڕا ناچار بە دانپێدانان کراو دواتر لە کەناڵی ئینگلیزی زمانی \"پرێس تی‌ڤی\"ی سەربە وەزارەتی ئیلاعات بڵاو کرایەوە.