ماوەی ٤٠ رۆژە چارەنووسی خوێندکارێکی کورد ناڕوونە

21:31 - 3 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: سەرەڕای تێپەڕبوونی ٤٠ رۆژ بەسەر دەستبەسەر کرانی خوێندکاریی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد، هیچ هەواڵێک لە چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ سابیر شێخ عەبدوڵڵا خوێندکاریی کورد لە زانکۆی عەلامە تەباتەبایی تاران، کە مانگی رەشەمەی ساڵی ١٣٩٢ لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا، هەتا ئێستا چارەنووسی روون نەبۆتەوە.

\"19550.jpg\"
سابیر شێخ عەبدوڵڵا خوێندکاریی کورد لە زانکۆی عەلامە تەباتەبایی تاران
سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی شێخ عەبدوڵڵا بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، کەسووکاری ئەو خوێندکارە کوردە لەماوەی ٤٠ رۆژی رابردوودا سەردانی تێکڕای ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانیان لە شاری مەهاباد کردووە، بەڵام هیچ وڵامێکیان پێ نەدراوەتەوە.

سابیر شێخ عەبدوڵڵا، کە خوێندکاری کارناسیی باڵای زانکۆی عەلامە تەباتەبایی تاران بووە، رێکەوتی ٢٤ی رەشەمەی ساڵی ١٣٩٢ لە کاتی گەڕانەوە بۆ شاری مەهاباد دەستبەسەر و رەوانەی شوێنێکی نادیار کرا.

هەروەها یەکێک لە هاوڕێ خوێندکارەکانی سابیر شێخ عەبدوڵلا لە لیدوانێکدا بۆ ئاژانسی کوردپا، روونی کردەوە، سابیر لە کاتێکدا ماوەی ٤٠ رۆژە چارەنووسی ناروونە، کە ناوبراوە نە لە زانکۆ و نە لە شاری مەهاباد هیچ چالاکییەکی رێکخراوەیی و تەنانەت فەرهەنگیشی نەبووە.