ماوەی دەستبەسەریی ئەندازیارێکی کورد درێژ کرایەوە

14:11 - 8 رێبەندان 2716
ئاژانسی کوردپا: ئیتلاعاتی کوردستان بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، زیاتر لە ٥٠ ڕۆژە هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری قوروەیان لە ژووری تاکەکەسی ڕاگرتووە.

بە پێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدریی کوردپا، دادستانی شۆڕشی شاری سنە بە شێوەی زارەکی ڕایگەیاندووە کە ماوەی دەستبەسەریی سابیر نادری، ئەندازیاری نەرمەئامێر(Computer Software)، درێژ دەکاتەوە.

بنەماڵەی نادری ڕۆژی چوارشەممە، ٦ی ڕێبەندان لەکاتی چاوپێکەوتنی کوڕەکەیان لە ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە لەو بڕیارەی دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ئاگادار کران.

لە چواردەی سەرماوەزی ئەم ساڵ کە سابیر نادری لەلایەن ٢٠ کەس لە هێزە چەکدارەکانیی دەوڵەتەوە دەستبەسەر کرا، ئەوە یەکەم چاوپێکەوتنی لەگەڵ خزم و کەس و کاری بووە.

سەرچاوەیەکی نیزیک لەو بنەماڵەیە بۆ هەواڵنێری کوردپای پشتڕاستکردەوە کە دادستانی سنە بەبێ شەرم وتوویەتی کە تا کاتێ سابیر هاوکاریی ناوەندە ئەمنییەکان نەکات و \"کیفرخواست\"ـی دادگای شۆڕش پەسند نەکات ئەوا تا ماوەیەکی نادیار لە دەستبەسەریی دەمێنێتەوە.

هێزی ئەمنیی ـ قەزایی لە ئێراندا بە بیانووی جۆراوجۆر دەتوانن هاووڵاتیی دەستبەسەرکراو بۆ ماوەی ٤ مانگ بە بێ سەلماندنی تۆمەتەکەی، ڕابگرن.

سەبارەت بە سابیر نادری سەرچاوەی کوردپا ڕایگەیاند کە ناوبراو کێشی دابەزیوەو ڕەنگ و ڕۆخساری زەرد و لاواز هەڵگەڕاوە.

ئەم لاوە کوردە کە هاوسەر و منداڵیشی هەیە، بەڕێوەبەری کۆمپانیای \"شهیر نرم افزار پویا\" بووە و تاکوو ئێستاش بە تەواوەتی لە هۆکاری دەستبەسەرکرانی بێ ئاگایە و هەرچەشنە تۆمەتی هەڵبەستراوی ئەمنییەتی بە توندی ڕەت دەکاتەوە.

ڕێپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە دەزگای دادوەریی ئێران لەژێر دەسەڵاتی هێزی ئەمنییەتی دایە و زیندانیانی سیاسی و مەدەنی بەمەبەستی دانپێدانانی زۆرەملێ، ئەشکەنجە دەدات.

لینکی پێوەندیدار:
بەڕێوەبەری کۆمپانیایەکی کامپیۆتر لە قوروە دەستبەسەر کرا
چارەنووسی گیراوێکی کورد ناڕوونە