ماوەی حەوت مانگە چارەنووسی ژن و مێردێکی مەریوانی ناڕوونە

19:38 - 15 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: پاش زیاتر لە ٧ مانگ لە دەستبەسەر کرانی ژن و مێردێکی مەریوانی بە دەستی هێزە ئەمنیەکانی ئەو شارە، هەتا ئێستا چارەنووسیان بە ناڕوونی ماوەتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ لەچارەنووسی \"بەیان کاکاخانی و هیوا دارئافەرین\" کە رێکەوتی ١٧ی رەشەمەی ساڵی ١٣٩١ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران، هیچ هەواڵێک لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی یەکێک لەنزیکانی بنەماڵەی ئەو دوو هاووڵاتییە، لە ماوەی حەوت مانگی رابردوودا بنەماڵەی بەیان کاکاخانی و هیوادار ئافەرین، دەیان جار سەردانی ناوەندە ئەمنی و قەزاییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانیان لەشاری مەریوان کردووە، بەڵام لەمەڕ چارەنووسی رۆڵەکانیان هێچ زانیارییەکیان پێ رانەگەیەندراوە.

هاوکات لەگەڵ دەستبەسەر کرانی ئەو ژن و مێردە مەریوانییە، چوار هاووڵاتیی دیکە بەناوەکانی \"هێمن\"، \"فاڕووق رەحیم زادە\" ، \"خەلیل شێرزادی\" و \"عەبدوڵڵا گوڵشەن\" لەلایەن هێــزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کران.

هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئیڕان ئەو ٦ کەسیان بە کوشتنی ئەندامێکی سپای پاسداران بە ناوی \"بلە قەرەچی\" تاوانبار کردووە، بەڵام کەسوکاری ئەو دەستبەسەر کراوانە ئەو تۆمەتەیان بێ بنەما و بە پاساوی ئەو هێزانە لەقەڵەم داوە.