ماوی دوو حەفتەیە چارەنووسی سمکۆ خلقەتی ناڕوونە

13:50 - 24 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: سمکۆ خلقەتی زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد، ماوەی ١٥ رۆژە هیچ زانیارییەک لە چارەنووس و شوێنی راگیرانی لەبەر دەستدا نییە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پاش ئەوەی رۆژی سێ‌شەممە ١٣ی رەشەمە بە بیانووی راگواستن بۆ بەندی ٣٥٠ی زیندنای ئێڤینی تاران بانگهێشتی \"لقی بەرێکردنی زیندانییان(شعبەی اعزام زندانیان)\"ی زیندانی رەجایی شاری کەرەج کرابوو، بۆ شوێنیکی نادیار راگوێزرا.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی خلقەتی بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ لە کاتێکدا کەسوکاری ئەو زیندانییە سیاسییە بەدواداچوونیان بۆ چارەنووسی کوڕەکەیان کردووە، ئاگادار کراونەتەوە کە سمکۆ خلقەتی لە زیندانی ئێڤین نییە و هەتا ئێستاش شوێنی راگیرانی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە روون نەبۆتەوە.

سمکۆ خلقەتی، کە ماوەی ٤ ساڵ و یەک مانگە لە زیندانەکانی ئێران لە دەستبەسەری دایە، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٩ی رێبەندان بەبیانووی چاوپێکەون لەگەل بنەماڵەکەی، لە سالۆنی ١٢ی زیندانی رەجایی شاری کەرەج هێنرابوویە دەرێ و بۆ ماوەی ٣ رۆژ لە ژووری تاکە کەسیی ئەو زیندانە راگیرابوو.

ئەو ئەندازیارە کوردە رێکەوتی ٢٨ی بەفرانباری ساڵی ١٣٨٨ لە شاری ئەراک دەستبەسەر کراو دواتر لە دادگای ئینقلابی ئەو شارەدا حوکمی ١٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری بۆ بڕایەوە و ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوە و دیوانی باڵای وڵات‌دا پشتڕاست کرایەوە.