مانگرتن لەرەجایی شاری کەرەج و راگواستنی ١٢ زیندانی مانگرتوو بۆ بێهداری زیندانی ورمێ‌

15:17 - 27 سەرماوەز 2714
ئاژانسی كوردپا: بە مەبەستی پشتیوانی لە زیندانییانی سیاسیی كوردی زیندانی دەریا، دوو زیندانیی دیكەی سیاسی لە گرتووخانەی رەجایی شاری كەرەج بڕیاری مانگرتن لە خواردنیان داوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لە رۆژی هەینی رێكەوتی ٢٨ی سەرماوەزەوە دوو زیندانی سیاسیی ساڵۆنی ١٢ی بەندی ٤ی گرتووخانەی رەجایی شار بۆ ماوەی دوو رۆژ مان دەگرن و بەم شێوەیە پشتیوانیی خۆیان لە مانگرتووانی كوردی زیندانی دەریا دەردەبڕن.

خالید حەردانی و ئەفشین حەیرەتیان لە نامەیەكدا كە لەناو زیندانەوە نووسیویانە رایانگەیاندووە، گیانی زیندانیانی سیاسی لەمەترسیدایە و ئێمە رۆژەكانی هەینی و شەممە ٢٨ و ٢٩ی سەرماوەز بە نیشانەی پشتیوانی لە داخوازیی زیندانییانی سیاسیی ورمێ‌ مان لەخواردن دەگرین.

\"23675.jpg\"
ئەفشین حەیەرەتیان زیندانی سیاسی كورد لە زیندانی رەجایی شار
لەو نامەیەدا كە نوسخەیەكی بە هەواڵدەریی كوردپا گەیشتووە، داوا لە ناوەندە نێودەوڵەتیەكان كراوە كە لە هەمبەر \" جەنایەتە بە ئاشكارەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران\" بێدەنگ نەبن.

٢٧ زیندانی سیاسیی لەرێكەوتی ٢٩ی خەزەڵوەرەوە لە زیندانی دەریا مانیان لەخواردن گرتووە و خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری تێكەڵ كردنیان بە بەندی زیندانیانی تاوانبار و مەترسیدار بوون.

بەندی سیاسییەكانی زیندانی ورمێ‌ جێگەی ٥٠ كەسی دەبێتەوە، بەڵام ئێستا لانیكەم ٨٠ زیندانی تێ‌ خزێندراوە و نێوەیان لە زیندانیانی مەترسیدار و تاونبار بە مادەهۆشبەرەكانن.

دەوترێت دوو رۆژ لەمەوبەر بەرپرسی زیندانی ورمێ‌ بە بانگهێشت كردنی ٤ زیندانی مانگرتوو بەناوەكانی عوسمان مستەفاپوور، عەلیڕەزا رەسووڵی، عەلی ئەفشاری و محەممەد عەبدوڵڵاهی، هەڕەشەی دروست كردنی پەروەندەیەكی دیكەی لێكردوون.

لەو بارەیەوە كەمپەینی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ لەئێران بڵاوی كردۆتەوە، دۆخی جەستەیی ١٢ كەس لە زیندانیان بە هۆی دابەزینی فشار خوێن، دابەزینی كێش و لاوازی و سەرئێشە رەوانەی بێهداری ناو زیندانی ورمێ‌ كراون و ئەو زیندانیانە نەیانهێشتووە \"سێرۆم\"‌یان لێبدەن.

\"23676.jpg\"
خالید حەردانی زیندانیی سیاسی لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج بە \"بێ حورمەتتی کردن بە عەلی خامنەیی تۆمەتبار کراوە
ناوی ئەو زیندانییە كە رەوانەی بێهداری كراون عەلی ئەفشاری، محەممەد عەبدوڵڵاهی، شێركۆحەسەنپوور، خدر رەسووڵ مرەوەت، عەلیرەزا رەسووڵی، یووسف كاكەمەمی، سیروان نژاوی، عوسمان مستەفاپوور، ئەحمەد تەمویی، عەبدوڵڵا عەموومی، سامان نەسیم و شۆڕش ئەفشاری راگەیاندراوە.

رۆژی سێ‌ شەممە رێكەوتی ٢٥ی سەرماوەز رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەكدا هەڵسوكەوت و فشاری حكوومەتی ئێرانی بۆ سەر زیندانیانی كوردی لە زیندانی دەریا مەحكووم كردبوو.

لەبەیاننامەكەدا باس لەوەكرابوو، هەڕەشەی گیانی و فشار خستنە سەر زیندانیان لەئێران دەرخەری دۆخی خرابی مافی مرۆڤ و دەزگا قەزاییەكانی حكوومەتی ئێرانە.
خالید حەردانی بەتاوانی هەوڵدان بە دژی تەناهیی نەتەوەیی و هەوڵدان بۆ رفاندنی فڕۆكە لە ساڵی ١٣٧٩دا بە زیندانی هەتاهەتایی مەحكووم كراوە.